سەقز؛ ئەمجەد ساڵح زادە بە شێوەی كاتی لە بەندیخانە ئازاد كرا

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
ئەمجەد ساڵ زادە، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی سەقز دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەركران لە كۆتاییدا بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆنی بە شێوەی کاتی تا کاتیی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٤ی مەی ٢٠٢٥)، ئەمجەد ساڵ زادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی سەقز دوای ٤ مانگ و ٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەمجەد ساڵح زادە بۆ ماوەی ١٢٥ ڕۆژی لە حاڵێکدا لە دەستبەسەری تێپەڕ کردووە کە بارودۆخی نەخۆشیی هەرسی ناوبراو جددی بووە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لە شوێنی کارەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرا.
پێشتر هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەم هاووڵاتییەیان لە دووکانی مۆبایل فرۆشییەکەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردبوو.
ئەمجەد ساڵح زادە پێشتر لە کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە سەۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی حکوومەت" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، ئەمجەد ساڵح زادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای یەک ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کاتیی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرا.