دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی لە سەقز

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
هیوا ئەحمەدی، محەممەد زەبیحی، سۆران سولتانی و ڕەحیم قودرەتی چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٦ی مەی ٢٠٢٥)، چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی هیوا ئەحمەدی، محەممەد زەبیحی، سۆران سولتانی و ڕەحیم قودرەتی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتتی سوپا لەسەر دیواری حەوشەی ئەو هاووڵاتییانە سەرکەوتوون و بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئەوانیان دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.