بەندیخانەی ناوەندیی یەزد؛ پێشگرتن لە مەرەخەسی خالید زەمانی بەندکراوی سیاسی کورد لە حەفدەیەمین ساڵی بەندکرانی

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
خالید زەمانی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی خۆی کە حەفدەیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەر دەکات، بەهۆی دەستێوەردانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران جارکی دیکە لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەش کرا.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خالید زەمانی بەندکراوی سیاسی کورد، باوکی سێ کچ و کورێک و خەڵکی شاری خۆی، سەرەڕایی تێپەربوونی ٦١٥٢ ڕۆژ لە بەندکرانی تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی و ئازادی مەرجدار بێبەشە.
درێژەی رێگری لە ناردنی مەرەخەسی لەڕێگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە شۆرای بەندیخانەی یەزد و داواکاری گشتی ئەو شارە، ڕەزایەتی لەسەر داوای مەرەخەسی نیشان داوە و بنەماڵەی خالید زەمانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنیان دەربڕیوە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی بارودۆخی خالید زەمانی کردبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە سەرەڕایی ڕەزایەتی بەندیخانەی یەزد و ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لەسەر چوونە مەرەخەسی، بەڵام ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی شاری خۆی ڕێگری لە مافی مەرەخەسی خالید کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تاکێکی یاسایی لە ئیدارەی جێبەجێکرانی سزاکانی خۆی ڕایگەیاندووە، بە هۆی کوردبوون و سوننی بوونی خالید زەمانی ئیزنی بەکارهێنانی مافی مەرەخەسی نیە.
خالید زەمانی، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۰۸، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەورۆزی، بەتۆمەتی" موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) " سزای بڕینەوەی دەستی چەپ و لاقی ڕاستی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سزایە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی خالید زەمانی، بۆ دیوانی باڵای ئێران بەڕێکراوە و دوای ڕەدکردنەوەی، لە دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بەسەختی لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە. خالید زەمانی لە ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩، لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد دوورخرایەوە و هەتا ئێستا لەگەڵ مەرەخەسی وەرگرتنەکەی، دژایەتی کراوە.
بارودۆخی ماڵیی بنەماڵەی خالید زەمانی، لە کاتی دەستبەسەربوونی ناوبراو وەکوو سەرپەرەستی بنەماڵە، لە دۆخێکی دژواردایە و تەنیا ڕێگە بۆ بژێوی ژیانیان تەونکردنە.