ڕاپۆرتێك لەسەر جێبەجێكرانی سزای سێدارەی چوار بەندكراو بریتی لە سێ بەندكراوی كورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندكراوی كورد و بەندكراوێكی تورک بە ناوەكانی ڕەحیم ئەمیری، ئەمیر ئیبراهیمی، فەرمان كوشكی و یاشار جەعفەری كە پێشتر لە دۆسیەی جیادا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر كرابوون، لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندكراوی خەڵكی هەرسینی سەر بە پارێزگای كرماشان بە ناوەكانی ڕەحیم ئەمیری و ئەمیر ئیبراهیمی لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەمیر ئیبراهیمی ٦ ساڵ پێش و ڕەحیم ئەمیری ٧ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوكات سزای سێدارەی دوو بەندكراوی دیكە بە ناوەكانی فەرمان كوشكی خەڵكی كۆیەشت و یاشار جەعفەری هاووڵاتیی تورك و دانیشتووی تاران كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لەم بەندیخانەیە جێبەجێ كراوە.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم چوار بەندكراوە، تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حكوومەتییەكان و بە تایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.