شەهاب دارابی بە هۆی پشتیوانیكردنی لە مانگرتنی بارهەڵگرەكان دیسانەوە بە شێوەی توندوتیژانە دەستبەسەر كرا

٧ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٠٠:٥١

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

شەهاب دارابی، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی شاباد، دوای ڕاگەیاندنی پشتیوانیكردنی لە مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەكان، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەكی توندوتیژانە دەستبەسەر كرا. ناوبراو پێشتر بە هۆی چالاكییەكانییەوە  دەستبەسەر كراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٧ی مەی ٢٠٢٥)، شەهاب دارابی، خەڵكی شاباد، بە بەكارهێنانی توندوتیژی و لێدان لە ماڵەكەی خۆی لەم شارە دەستبەسەر كرا.

دەستبەسەركرانی شەهاب دارابی دوای ئەوە بووە كە لاپەڕەی ئینستاگرامی ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بارەی مانگرتنی سەرتاسەری بارهەڵگرەكان چالاكی هەبووە.

شەهاب دارابی دوای دەستبەسەركرانی بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەكی ورد لەسەر بارودۆخی ڕاگرتن و تەندروستی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٤)، دوای بڵاوكردنەوە بابەتێك لە ناڕەزایەتی لەگەڵ هەڵبژاردنەكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شاباد دەستبەسەر و دوای ماوەیەك ئازاد كرابوو.

شەهاب دارابی ناسراو بە “یووز ئاسیا” سەرەڕای چالاكی وەكوو ئینفلوئێنسێر، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە