سنە؛ سدیق محەممەدی، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
سدیق محەممەدی، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی ڕاگەیاندنی هاوڕایی و پاڵپشتی خۆی لە مانگرتنی گشتیی شۆفێران بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۶ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۷ی مەی ۲۰۲۵)، سدیق محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی محەممەدی، ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند جار لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگ کرابۆوە ئیدارەی ئیتلاعات.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەکی ورد لەسەر باری تەندروستی و دۆخی ڕاگرتنی سدیق محەممەدی لەبەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماونەتەوە.
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا ڕۆژی ڕابردوو، ۶ی جۆزەردان، شەهاب دارابی، شۆفێری خەڵکی شاری شاباد بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی پاڵپشتیی ناوبراو لە مانگرتنی گشتی بارهەڵگران ڕووی داوە.
مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕۆژی ۲۹ی بانەمەڕ بە بانگهێشتی یەکەی دامەزراوەی بارهەڵگران و شۆفێرانی سەرجەم شارەکانی ئێران دەستی پێکردووە و تا ئێستا درێژەی هەبووە.