مانگرتنی شۆفێران؛ فەرزاد ڕەزایی، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ناڕازی لە دیواندەرە دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ شەممە ۱۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
فەرزاد ڕەزایی، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری خەڵکی زەڕینەی سەر بە شاری دیواندەرە بەهۆی پاڵپشتی لە مانگرتنی بەرفراوانی شۆفێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۹ی مەی ۲۰۲۵)، فەرزاد ڕەزایی، شۆفێری ناڕازیی خەڵکی شاری زەڕینە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکرانی فەرزاد ڕەزایی پاش پەیوەستبوونی ناوبراو بە مانگرتنی گشتی شۆفێران و ڕاگەیاندنی پاڵپشتی خۆی لە هاوپیشەییەکانی ڕووی داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرزاد ڕەزایی پاش دەستبەسەربوون بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر دۆخی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
مانگرتنی گشتی شۆفێران و بارهەڵگران تا ئەمڕۆ، شەممە ۱۰ی جۆزەردان، بۆ دەیەمین ڕۆژ لەسەریەک لە زیاتر لە ۱۵۲ شاری ئێران درێژەی هەبووە.