سنە؛ سەپاندنی بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەرکران بەسەر سێ شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دەستبەسەرکراو

هەنگاو؛ پێنجشەممە٨ ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەرکرانی کاتیی بەسەر سێ شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ناڕازیی کورد بەناوەکانی سدیق محەممەدی، کاوە مورادیان و ڕزگار مورادیدا سەپاندووە کە ڕۆژی سێشەممە ۶ی جۆزەردان(۲۷ی مەی) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۸ی مەی ۲۰۲۵)، دادگای شۆڕشی سنە بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتی بۆ ماوەی یەک مانگی بەسەر سێ شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەناوەکانی سدیق محەممەدی، کاوە مورادیان و ڕزگار مورادی سەپاندووە و ئەو سێ هاووڵاتییە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەو شۆفێرانە لە ئەنجامی ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە سێڕای سنە مەریوان و بەشدارییان لە مانگرتنی بارهەڵگراندا ڕووی داوە.
هەروەها لەم دواییانە و لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا، لە شاری دێولان دوو شۆفێری ناڕازی بەناوەکانی زانکۆ ڕۆستەمی و حامید (ناوبانگ نادیار) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.