سنە؛ گواستنەوەی هێرش زەندی ناوگەران لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٥:٠٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥

هێرش زەندی ناوگەران، چالاکی مەدەنی کورد و خەڵکی سنە، کە پێشتربە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە گواسترابوویەوە، لە سێ ڕۆژ پێشەوە بە بێ هۆ لە بەندیخانەی سنە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواستراوەتەوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە دۆخ و چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، هێرش زەندی ناوگەران، ٤١ ساڵە و خەڵکی سنە، کە لە ٤٥ ڕۆژ پێشەوە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بەندکرابوو، ببەشێوەیەکی لەناکاو لەم بەندیخانە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم گواستنەوە بە شێوەی کتوپڕ و بە بێ بڵاو کردنەوەی هیچ هۆکارێکی دیار بە بنەماڵە یا پارێزەرەی ئەم بەندکراوە ئەنجام دراوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لە دۆخی جەستەیی و یاسایی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

هێرش زەندی ناوگەران دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٥)، لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترابوویەوە و ڕێژەیەک لە چالاکانی مەدەنی ئەم هاووڵاتییەیان تا پێش درگای سەرەکیی بەندیخانە هامڕایی کردبوو.

هەنگاو پێشتر بە بڵاو کردنەوەی ویدیۆیەک ڕایگەیاندبوو کە هێرش زەندی نەوگەران لە کاتی دەستبەسەرکراندا، لە کاتی وتارێکدا بە سپاس لە هاوڕێیان و چالاکانی مەدەنی بەشدار بۆ هامڕایی کردنی، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی « چالاکی مەدەنی لە ڕاستای سڕینەوەی توندووتیژی لە کۆمەڵگا» لە لایەن دادگای شۆڕش سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

هێرش زەندی ناوەگەران ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، دوای یەک مانگ لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە هەروەها لە بەندکراوانی پێشووی دەیەی هەشتایە کە بە هۆی ئەندامێتی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە