لە هەڕەشەکردن تا دۆسیەسازی، زۆربوونی گوشارەکان بۆ سەر کەیهان محەممەدینژاد و سینا قاسمیزادە دوو ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤی خەڵکی ئورمیە

هەنگاو؛ هەینی ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
دوو کەس لە ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مافی مرۆڤیی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی کەیهان محەممەدینژاد و سینا قاسمیزادە کە لە ئێستادا دانیشتووی شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانن، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانن و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دۆسیەسازی و بانگکران و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی ناوبراوان، خوازیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەم دوو کەسەن.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی چەن هەفتەی ڕابردوو، گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوانە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر بنەماڵەی دوو ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی ئورمیە و دانیشتووی هەولێر زیاری کردووە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ناوەندە ئەمنییەکان لە مۆرەکانی خۆیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەم دوو ڕۆژنامەوانە لە دەزگای دادوەری کەڵکیان وەرگرتووە و لە ژێر ناوی وەکوو "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت"، "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" و "هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" بنەماڵەی ئەم دوو کەسەیان چەندین جار بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بانگ و لێپرسینەوە بێڕیزیان پێ کراوە.
ئەم دوو ڕۆژنامەوانە کە سەرپەرشتیی دوو لاپەڕەی هەواڵ لە ئورمیە دەکەن و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەم لاپەڕانە و لە لاپەڕەی کەسیی خۆیان چالاکیی بەرچاویان هەبووە، ئێستا ناوەندە ئەمنییەکان بە گوشارخستنەسەر و هەڕەشەکردن لێیان و هەروەها بانگکرانی بەردەوامی بنەماڵەکانیان و لێپرسینەوە و هەڕەشکردن، خوازیاری ڕاگیرانی چالاکییە میدیایی و مافی مرۆڤییەکانی ئەم دوو کەسەن.
شایانی باسە کە، ئەم دوو چالاکە میدیاییە سەرەڕای چالاکی لە لاپەڕەکانی خۆیان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی چالاکیی بەرچاویان هەبووە و لەگەڵ میدیا کوردییەکان و هەروەها میدیا ئینگلیسی زمانەکان چالاکییان هەبووە و لەگەڵ ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بەتایبەت ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوکاریان هەبووە.
لە درێژەی ئەم هەڕەشانەدا، لەم دواییانە ژمارەیەک لە لاپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران، بە ناردنی نامەی هەڕەشەئامێز لە ئەگەری ڕانەگرتنی چالاکییەکانیان بە ئاشکرا هەڕەشەی لەناوبردنی ناوبراوانیان کردووە و ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی جددی بۆ بنەماڵەکانیان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر جۆرە گوشار خستنەسەر و هەڕەشە لە دژی ڕۆژنامەوانان و هاوکارەکانیان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی مەحکووم دەکات و داوا لە ناوەندە مافی مرۆڤییە ئێرانی و جیهانییەکان دەکات کە ڕەچاوی بارودۆخی ئەم چالاکانە بکات و بیانخەنە ژێر چەتری پاراستنی خۆیان.