مەریوان؛ كوژران و برینداربوونی چوار سەرباز بە هۆی تەقینەوەی مین

هەنگاو؛ هەینی ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
دوو سەرباز بە ناوەكانی ڕەزا حوڕیەت پەسەند و سۆهەیب عەزیزی لە كاتی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی، بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووری مەریوان كوژران و دوو سەربازی دیكە بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٣٠ی مەی ٢٠٢٥)، محەممەد ڕەزا حوڕیەت پەسەند، خەڵكی قوروە و سۆهەیب عەزیزی، سەربازی خەڵكی بانە بە هۆی تەقینەوەی مین لە مەریوان كوژران.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیا حكوومەتییەكان، لەم تەقینەوەیەدا سەربازێكی دیكەی كورد بە ناوی سۆران شەریفی، خەڵكی بانە و هەروەها سەرگورد ئەمانوڵڵا عەبدوڵڵاهی، خەڵكی خومەینی پارێزگای مەرکەزی بریندار بوون.
لە وردەكاریی ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە كراوە كە دوو كەس لە برینداربوانی ئەم ڕووداوە بۆ ناوەندە دەرمانییەكان گواستراونەتەوە و بارودۆخی تەندروستیان جێگیرە.