بیجاڕ؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی هەشت شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ناڕازی هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی شۆفێران

هەنگاو؛ شەممە ۱۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
هاوکات لەگەڵ درێژەی مانگرتنی گشتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران، لانی کەم ۸ شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ناڕازی کورد لە شاری بیجاڕ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۲ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۳ی مەی ۲۰۲۵)، لانی کەم ۸ شۆفێری ناڕازی بەناوەکانی ئەڵماس فەللاحزادە، عەلی جەباری، ئەمیرحوسێن (سامی) زولفەقاری، مۆرتێزا مێهدی کەرەمی، ئێحسان غوڵامی، حامید بۆرجیان و ئەسغەر ڕەزایی لە بیجاڕ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنەکان و بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە شاری بیجاڕ ڕووی داوە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی هەڵسوکەوتی چەوسێنەرانەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری ییجاڕ و دەستبەسەرکرانی چەند شۆفێری ناڕازی و چالاکی پیشەیی، یەک لەوان ئەڵماس فەلاحزادەی ڕاگەیاندبوو.
مانگرتنی گشتی شۆفێران و بارهەڵگران پاش بانگهێشتی یەکەی دامەزراوەی پیشەیی شۆفێران، لە ڕۆژی ۲۹ی بانەمەڕەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لە زیاتر لە ۱۳۰ شاری ئێران درێژەی هەبووە.