مانگرتنی بارهەڵگرەكان؛ دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی عەتا عوزەیری، شۆفێری ناڕازیی خەڵكی دێولان

هەنگاو؛ یەكشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
لە درێژەی دەستبەسەركردنی شۆفێرانی ناڕازی، عەتا عوزەیری، شۆفێری خەڵكی دێولان بە هۆی پشتگیری لە مانگرتنی بەرفراوانی هاوكارەكانی و پەیوەستبوونی پێیان، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە دەستبەسەر و دوای تێپەڕینی حەوتوویەک چارەنووسی ناڕوونە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، عەتا عوزەیری، شۆفێری خەڵكی دێولان لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەكەی خۆی لە سنە دەستبەسەر كراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیک لە بنەماڵەی عوزەیری، هەوڵی بنەماڵە بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ عەتا عوزەیری و وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە بارودۆخی ئەم شۆفێرە ناڕازییە بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوبراو تا ئێستاش لە دەستبەسەرگەدایە.
دەستبەسەركرانی ئەم شۆفێرە بە هۆی بەشداریكردنی لە مانگرتنەكانی ئەم دواییانە و پشتگیریكردنی ناوبراو لە شۆفێرە ناڕازییەكان بووە.
بە پێی نووسینی یەكەی دامەزراوەی پیشەیی بارهەڵگرەكان و شۆفێران، مانگرتنەكان لە یازدەیەمین ڕۆژدایە و هەروا درێژەی هەیە و لە ١٥٥ شاری ئێران هەیە.