ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی فەرەج فەرەجی، خاوەن نانەواخانەی ناڕازی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٠٩:٤٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۵ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

فەرەج فەرەجی، خاوەن نانەواخانەی ناڕازی خەڵکی ئیلام، لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕینی بە بەردەوام بڕینەوەی کارەبا و خراپبوونی هەویری نانەواخانە بە فەرمانی دادیاری ئەو شارە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۴ی ژوئەنی ۲۰۲۵)، فەرەج فەرەجی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام، کەم ئەندامی ۱۵٪ و باوکی چەند منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت کە لە کردەوەیەکی هێمایین بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە بەردەوام بڕینەوەی کارەبادا، هەویرە وەرگەڕاوەکانی نانەواخانەی لەبەر دەرکی فەرمانگەی پارێزگای ئیلام بەتاڵ کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی فەرەج فەرەجی کاردانەوەی هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی شاری ئیلامی لێکەوتۆتەوە و ئەو هاووڵاتییە لە دوای ئەو ناڕەزایەتییانە، بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە. سەرەڕای ئەوەش ناوبراو پێویستە ڕۆژی شەممە بەمەبەستی وەڵامدانەوە بەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی وەکوو تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" لە دادگادا ئامادە بێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە