شنۆ؛ هێدی شادیخا سزای ٢٢ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ هەینی ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
هێدی شادیخا، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی شنۆ لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای یەك ساڵ و ١٠ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێدی شادیخا، خەڵكی گوندی “سینگان”ی سەر بە شنۆ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی دووی ئەم شارە بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەكانی كوردستان” سزای یەك ساڵ و ١٠ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا.
هێدی شادیخا سەر لە بەیانی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، لە گوندی سینگان لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی دەستبەسەر كرا.
پێشتر هەنگاو بە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێک لەم بارەیەوە نووسی كە هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای دروستكردنی ترس و بەكارهێنانی توندوتیژی لە دەستبەسەركردنی هێدی شادیخا، ماڵی بنەماڵەیی ئەم هاووڵاتییەیان پشكنیوە.
هێدی شادیخا، لە كۆتاییدا ڕۆژی دووشەممە ٢٩ە ڕێبەندانی ٢٧٢٤ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆنی بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكی لە بەندیخانە ئازاد كرا.