بانه؛ دەستبەسەرکرانی سامان کەریمی بەندکراوی سیاسیی پێشووی مەحکووم بە سێدارە و فەرزانە ڕەشیدی هاوژینەکەی

هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
سامان کەریمی بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و دوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی لەلایەن دادگای باڵاوە ئازاد کرابوو، حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی فەرزانە ڕەشیدی دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەرای تێپەڕینی یەک حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی فەرزانە ڕەشیدی تەمەن ٢٦ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانە و هاوژینەکەی سامان کەریمی تەمەن ٣٣ سال لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەریمی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: '' هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، سامان کەریمی بەندکراوی سیاسیی پێشوویان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و هاوژینەکەیان بە ناوی فەرزانە ڕەشیدی، کە خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانەیە، دەستبەسەر کردووە.''
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵی ئەو خێزانەیان شکاندووە و دوای گەڕانی سەرتاپای خانووەکە دەستیان بەسەر هەندێک کەرەستەی تاکەکەسیی ئەواندا گرتووە.
سامان کەریمی رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەڕ لە سنە گواسترایەوە. ناوبراو ساڵێک دواتر لەڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ''بەغی لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران'' سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەو سزایە مانگی خەرمانانی ساڵی دواتر لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە.
سامان کەریمی دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد بوو و لەکۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١١٧ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەبە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی کۆبوونەوە دژ بە ئاسایشی وڵات سزای ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی رژێم سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا اتە سزای ٤ بەندکرانی ناوبراو شیاوی جێبەجێکردن بوو.