موجاهید کورکور لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەسێدارە درا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۱ی جۆزەردانی ٢٧٢۵
سزای سێدارەی موجاهید کورکور (عەباس)، هاووڵاتیی لوڕ و تۆمەتباری دۆسیەی کیان پیرفەلەک منداڵی تەمەن ۱۰ ساڵان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرابوو، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەو منداڵە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی جۆزەردانی ٢٧۲۵ (۱۱ی ژوئەنی ٢٠٢۵)، سزای سێدارەی موجاهید کورکور، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی ئیزە سەر بە پارێزگای خووزستان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش ۹۰۴ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر سەختترین ئەشکەنجەکاندا داندرابوو و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو. ماڵپەڕە حکومەتییەکان وەکوو هەواڵنێری ''دانشجو'' ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
ڕۆژی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک لەسەر دوایین چاوپێکەوتنی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە بڵاو کرابۆوە. هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دیوانی باڵای ئێران مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ داوای پێداچوونەوە بە سزای ئەو بەندکراوە سیاسییەی ڕەت کردووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جێبەجێکرانی سزای سێدارەی موجاهید کورکور شەرمەزار دەکات و سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدرانەکان لە ئێران هۆشداری دەدات. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ۱۶۱ ڕۆژی سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ لانی کەم ۵۸۲ بەندکراو بریتی لە ۱۹ بەندکراوی سیاسی، مەزهەبی و ئەمنی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون.
موجاهید کورکور مانگی خاکەلێوەی ساڵی ۲۷۲۳ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەهواز بە تۆمەتی "موحاڕبە و افساد فی الارض" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە ڕۆژی یەکشەممە ۳ی بەفرانباری هەمان ساڵ لە لایەن لقی ۳۹ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابۆوە و بەشێوەی فەرمی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرابوو.
ئەو سزایە مانگی سەرماوەزی ۲۷۲۴ لە لایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکەی بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی هاوشێوەی گەڕێندرایەوە. لەئاکامدا موجاهید کورکور مانگی بەفرانباری ۲۷۲۴ بۆ دووەمین جار و ئەوجار لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئەهواز سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
موجاهید کورکور، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە کاتی هێرشی چەکدارانەی سوپای پاسداران بۆ سەر گوندی "پرسووراخ" سەر بە ئیزە، بریندار کرابوو و دواتر دەستبەسەر کرا. هەروەها لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران، دوو لاوی ناڕازی دیکە بەناوەکانی مەحموود ئەحمەدی و حوسێن سەعیدی کوژران.
شایەنی باسە کە پێشتر دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، کوژرانی ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئیزەی لە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ داوەتە پاڵ چەند هاووڵاتی بریتی لە عەباس کورکور، بەهمەن بەهمەنی، حوسێن سەعیدی و مەحموود ئەحمەدی. مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٢، داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری ئیزە ڕایگەیاند کە بۆ ٧٠ هاووڵاتیی ناڕازی پەیوەندیدار بە کۆبوونەوەکانی خەڵکی لەو شارە دۆسیەی دادوەری کراوەتەوە.
کاربەدەستان و میدیا حکومەتییەکان پێشتر هەوڵیان دابوو کە تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەک بەسەر موجاهید کورکوردا بسەپێنن، بەڵام ماهمونیر مەولایی ڕاد، دایکی کیان پیرفەلەک لە ڕێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی کوڕەکەیدا کوتبووی کە "هێزە ئەمنییەکان" بوون کە ئۆتۆمبێلەکەیان لە کاتی تێپەڕبوون لە شەقام "داوەتە بەر دەستڕێژ"، کە ئەوەش بووەتە هۆی کوژرانی کیان و سەخت برینداربوونی هاوژینەکەی. ئەو هەروەها بە ڕاشکاوی کوتەیەتی کە: "من، دایکی کیان، هیچکات ناساندنی هیچ یەک لە هاوشارییەکانم وەکوو بکوژی کیان قبووڵ ناکەم."