هۆشداریی هەنگاو لەبارەی مەترسیی جدی جێبەجێكرانی سزای سێدارەی بەندكراوانی سیاسیی تۆمەتبار بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٦:٤٦

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەسپێكی خۆی تا ئێستا کەسانێکی زۆری بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ ئیسرائیل بە سێدارە مەحكووم كردووە و تووشی كوشتنی حكوومەتی ئەبن. لەم نێوانەدا بە شێوەیەكی تایبەت، هاووڵاتییانی كورد، پەیڕەوانی ئایینی بەهایی و گەنجانی پسپۆڕ زۆرترین قوربانیانی ئەم تۆمەتە ساختە و دۆسیەسازییە ئەمنییانە بوون.

هەروەها کاتێک ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆر دەبێ، حكوومەت بە مەبەست هەوڵی جێبەجێكردنی بەپەلەی سزای سێدارە بۆ كەسانێ دەدات كە پێشتر بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” لە بەندیخانەكان بە دیل گیراون. لە ماوەی سی مانگی ڕابردوو و بە پشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لانی كەم ١٢ بەندكراو لەوانە ٧ بەنكراوی كورد بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوكاری بۆ ئیسرائیل لە ئێران لەسێدارە دراون.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی زۆر ڕایدەگەیێنێ كە بە پێی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی ئەم ڕێكخراوەیە دۆسیەی لانی كەم پێنج هاووڵاتیی كورد لەوانە ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی، شاهین وەساف، ناسر بەكرزادە و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد نموونەی ئاشكرای ئەم سیاسەتە سەركوتكەرانەیە؛ کەسانێک یا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵكییەكان دەستبەسەر كراون یا بەناوی كۆڵبەرە سنوورییەكان لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەكان بوون و ئێستا ڕووبەرووی سزای سێدارەن.

هەروەها محەممەد ئەمین مەهدەوی شایستە، هاووڵاتیی دانیشتووی تاران و بەندكراوی سیاسیی بەندكراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دیوانی باڵاوە پشتڕاست كراوەتەوە. ئەم بەندكراوە سیاسییە لە دەستبەسەرگە لە ژێر گوشار و ئەشكەنجەت توند ناچار بە دانپێدانان دژی خۆی بووە.

لە پاڵ ئەم كەسانە، ئەحمەد ڕەزا جەلالی، پزیشک و لێكۆڵەری ئێرانی_سویدی، لە ساڵی ٢٧٢٤ــەوە لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامیی بەسەر دەبات و بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. دانپێدانانی ناوبراو هەر وەكوو تۆمەتبارانی دیكە، لە ژێر گوشار و ئەشكەنجە لە ناوبراو وەرگیراوە و ناوەندە نێونەتەوەییەكان چەندین جار خوازیاری ڕاگرتنی جێبەجێكرانی سزای ناوبراو بوون.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای نیگەرانی خۆی لە پرۆسەی دەرچوون و پشتڕاستكردنەوەی سزای سێدارە بە پێی دانپێدانانی زۆرەملێ و پرۆسە دادوەرییە نادادپەروەرانەكان، هۆشداری دەدات كە ئەم هەوڵانە لە ڕاستای سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بێ گرینگیدان بە بنەما بنەڕەتییەكانی مافی مرۆڤە.

هەنگاو داوا لە هەموو میدیاكان، ناوەندە مافی مرۆڤییەكان و رای گشتی ئێرانی و نێونەتەوەیی دەكات كە لەوەها كاتێكی هەستیاردا، سەرووتر لە نیگای ژێئۆپۆلیتیک، دۆخی بەندكراوانی سیاسیی و غەیری نیزامیی لە ئێران بە سەرەنجەوە ڕەچاو بكەن و لە گیانی كەسانێك بەرگری بكەن كە بەدیل گیراون تاوەكوو بەهای قەیرانە ناوەچەییەكانی كۆماری ئیسلامیی بدەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە