ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لە سێهەمین ڕۆژی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل، کوژرانی ۳۰۰ هێزی سەربازی، ۱۴ منداڵ و ۱۸ ژن

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی هەنگاو پاش پشتڕاستکردنەوەیان لە سەرچاوە بڕواپێکراو و خۆجێییەکان بەدەستی هێناون، لە ماوەی سێ ڕۆژی سەرەتایی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ناسنامەی لانی کەم ۴۹ کەس لە خەڵکی سڤیل کە لە هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژراون لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرا کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەروەها کوژرانی لانی کەم ۱۴ منداڵ و ۱۸ ژن لە نێوان کوژراوانی ئەو شەڕەدا پشتڕاست دەکاتەوە. هەروەها هەنگاو لە ڕێگای بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی پێی گەیشتوون زانیویەتی کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ۳۰۰ کەس لە هێزەکانی ئەرتەش، سوپا، هێزە ئینتزامییەکان، بەسیج و زانای بواری ناوەکی، بژاردە و فەرمانبەری ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران لە تەواوی ئێراندا کوژراون.
شەڕی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، بە هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. لەو شەڕەدا تا ئێستا لانی کەم ۱۴ ئیسرائیلی لە ئەنجامی هێرشی هاژەکی ئێراندا کوژراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٩٨ کەس لە هێزە سەربازییە کوژراوەکانی ئێران ئاشکرا بکات. بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پارێزگاکانی تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، کرماشان، لوڕستان و هەمەدان زیاترین خەساریان بەر کەوتووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە هەریەک لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە ۴۰ کەس لە هێزە حکومەتییەکان لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دڕۆن و شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل کوژراون. لە پارێزگای لوڕستان ۱۶ حاڵەت، لە پارێزگای هەمەدان ۱۰ حاڵەت و لە پارێزگای ئورمیە ١٤ حاڵەت تۆمار کراوە.
پارێزگای تاران ناوەندی سەرەکی هێرشەکانی ئیسرائیل بووە و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، نزیکەی ۱۵۰ کەس لە هێزە سەربازییەکان لەو پارێزگایەدا کوژراون کە تا ئێستا ناسنامەی ۴۰ کەسیان بریتی لە ۸ کەس لە فەرماندە باڵاکانی سوپا، ۱۰ کەس لە زانایانی ناوەکی و دوو کەس لە نوخبە حکومەتییە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا کراوە.
هەروەها هەنگاو کوژرانی هێزە سەربازییەکانی لە پارێزگاکانی ئەلبۆرز، مەرکەزی، قۆم، قەزوین، زەنجان و خووزستان تۆمار کردووە.
تۆمارکردنی ناسنامەی ۱۴ منداڵ لە نێوان کوژراوندا
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ۱۴ منداڵ لە ئەنجامی هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژراون کە دوو کەسیان دوو مانگان و حەوت مانگان بوون. لەو ژمارەیە ۸ منداڵ کچ و ۶ منداڵ کوڕ بوون و گەورەترین منداڵ تەمەن ۱۵ ساڵان بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ۷ منداڵی کوژراو لە ئەندامانی بنەماڵەی فەرماندەکان و سوپای پاسداران بوون کە لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر شارۆچکەی چەمران کوژراون.
ناسنامەی منداڵانی کوژراو؛
۱ـ ڕایان قاسمیان دوو مانگان
۲ـ زەهرا زاکریان ئەمیری ۷ مانگان
۳ـ ئەمیرعەلی ئەمینی تەمەن ۱۲ ساڵ
۴ـ پەرهام عەباسی تەمەن ۱۵ ساڵ
۵ـ فاتمە زاکریان ئەمیری تەمەن ۵ ساڵ
۶ـ باران ئەشرەفی
۷ـ مەهیا نیکزاد تەمەن ۷ ساڵ
۸ـ سۆهەیل کەتوولی تەمەن ۱۱ ساڵ
۹ـ مۆتەهەرە تەمەن ۱۱ ساڵ
۱۰ـ کچی عەلیڕەزا زەینی
۱۱ـ کچی دووەمی عەلیڕەزا زەینی
۱۲ـ کوڕی ئەبۆلفەزل نیازمەند
۱۳ـ کچی ئەبۆلفەزل نیازمەند
۱۴ـ کچی دووەمی ئەبۆلفەزل نیازمەند
تۆمارکردنی ناسنامەی ۱۸ ژن لە نێوان کوژراواندا
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، تا ئێستا ناسنامەی ۱۷ ژنی کوژراو بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە لە تاران کوژراون. دوو کەس لەو ژنانە بەناوەکانی فاتمە باقری و ئێلهام فەرەحمەند لە ئەندامانی سوپای پاسداران بوون و ۷ ژن لە ئەندامانی بنەماڵەی فەرماندە سەربازییەکان و ئەندامانی سوپای پاسداران بوون.
ئاشکراکردنی ناسنامەی ۴۹ کەسی سڤیلی کوژراو لە لایەن هەنگاو
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناسنامەی ۴۹ کەسی سڤیلی کوژراو ئاشکرا کراوە کە ۱۹ کەسیان لە بنەماڵەی فەرماندە باڵاکان و ئەندامانی سوپای پاسداران بوون. دوو فەرمانبەری فەرمانگەی خۆشبژێوی، یەک فەرمانبەری ڕادیۆ، فەرمانبەرێکی مانگی سوور و چالاکێکی سیاسی لەگەڵ ۴ یاریزان لە نێوان کوژراواندا بوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۱۸ کەس ژن و ۱۴ کەس منداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ بوون.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت هەندێک لە کوژراوە نیزامییەکانی خۆی لەو شەڕەدا بە ناوی زانا، یاریزان و کەسایەتی کولتووری دەرخات. هەنگاو داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران دەکات کە لە بابەتی ئاماژە بە ئاماری خەڵکی سڤیل لە بڵاوکردنەوەی وتەکانی حکومەت خۆ ببوێرن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کوژرانی خەڵکی سڤیل و پترکردنەوەی پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەرمەزار دەکات و داوا لە کۆمەڵگای مەدەنی دەکات لە نێوان هەواڵەکانی ئەو شەڕە سەرنجی بارودۆخی جێی نیگەرانیی مافی مرۆڤ لە ئێران بدەن.
چڕکردنەوەی کوژران و گوشار بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی لە بارودۆخی شەڕ لە ئێران و کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران پێشینەی هەیە. هەروەها تۆڵەسەندنەوەی حکومەت لە گرووپە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، ژنانی دژبەری سیاسەتە دژەژنانەکانی کۆماری ئیسلامی و کوژرانی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان لە بارودۆخی شەڕ لە ڕێکەوتێکی دیاریکراو لە دەیەی شەستی ئێران و لە ڕەوتی شەڕێ نێوان ئێران و عێراقدا ڕوویداوە.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی سی مانگی ڕابردوودا (دوو ساڵ و نیو) لانی کەم ۱۲ بەندکراو بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ/ سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» لەسێدارە دراون. هەروەها بەپێی ئامار و بەڵگەنامە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لانی کەم حەوت بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی، شاهین وەساف، ناسر بەکرزادە، ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد، محەممەدئەمین مەهدی شایستە و ئەحمەدڕەزا جەلالی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەگەڵ مەترسیی جددیی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕووبەڕوون.