هۆشداریی هەنگاو سەبارەت بە بەرزبوونەوەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی لە ئێراندا

٦ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٢٠:٤٥

 

بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگە کۆکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە (٢٠٢٦)، سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای (سێدارە) دژ بە چالاکانی سیاسی و مەزهەبی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگی ڕابردوودا، سزای سێدارەی لانی کەم ٤٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. هاوکات و هەر لەو ماوەیەدا، بۆ ٤٢ کەسی دیکەش لە چالاکانی سیاسی و مەزهەبی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

هەڵکشانی ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارە دژی چالاکانی سیاسی و مەزهەبی لە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا (پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ١٨ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی جێبەجێ کرابوو. ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری گەشەی ١٣٩٪ی جێبەجێکردنی ئەم سزایانەن بە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەیە لە ساڵی ڕابردوودا. جێگەی ئاماژەیە کە کۆی ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی و ئایینی لە هەموو ساڵی ٢٠٢٥دا، یەکسان بووە بە ٤٣ حاڵەت.

بەرزبوونەوەی ئاماری جێبەجێکرانی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی لە کەمتر لە نیوەی ساڵدا، دەرخەری بەکارهێنانی ئامرازیی، ڕێکخراو و هەڵکشاوی دەزگای دادوەرییە کە لە سزای مەرگ وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی جیابیران و زاڵکردنی کەشی ترس لە کۆمەڵگەدا کەڵک وەردەگرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بەم ڕەوتەی چاودێر بەسەر پێشێلکردنی بنەڕەتیی مافی ژیاندا، داواکاری دەستێوەردانی بەپەلە و کاریگەری کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە چاودێرەکانی سەر مافی مرۆڤە بۆ ڕاگرتنی ئەم لەسێدارەدانانە و هەڵوەشاندنەوەی سزا نامرۆڤانەی سێدارە لە ئێراندا دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە