ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لە پێنجەمین ڕۆژی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل، کوژرانی لانی کەم ۵۲۴ کەس، بریتی لە ۴۵۰ هێزی سەربازی و ۷۴ هاووڵاتیی سڤیل؛ لەوانە ۲۸ ژن و ۱۹ منداڵ

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە بڕواپێکراو و خۆجێییەکان لە تەواوی ئێران کۆ کراونەتەوە و بەدواداچوونیان بۆ کراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ماوەی پێنج ڕۆژی سەرەتای شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل لانی کەم ۵۲۴ کەس کوژراون. لەو ژمارە ۷۴ کەس لە خەڵکی سڤیل و ۴۵۰ کەس لە هێزی سەربازی، ئەمنی، ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران و کادری پسپۆڕی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە سەربازییەکانی ئێران بوون.
هەنگاو هەروەها کوژرانی لانی کەم ۲۸ ژن و ۱۹ منداڵی لە نێوان قوربانییانی سڤیلی ئەو شەڕە بەڵگەمەند کردووە. لەو نێوانەدا، زیاتر لە ۸۹٪ی کوژراوانی سڤیل لە پارێزگای تاران تۆمار کراون.
کوژرانی ۷۴ کەس لە خەڵکی سڤیل لە پێنج ڕۆژی سەرەتای جەنگدا
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ۷۴ کەس لە خەڵکی سڤیل لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون کە ناسنامەی ۶۴ کەسیان هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. لەنێوان ئەو کەسانەدا ۲۶ ژن و ۱۹ منداڵ قوربانی بوون. هەروەها کەسێکیش خەڵکی ئەفغانستان بووە،
بڵاویی پارێزگاکانی قوربانییانی سڤیلی جەنگ بەم شێوە بووە:
پارێزگای تاران: ۶۶ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۴ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۲ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ۱ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەھان: ۱ حاڵەت
گیانلەدەستدانی ۱۹ منداڵ لە ئەنجامی هێرشی ڕاستەوخۆی ئەرتەشی ئیسرائیل
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای تاران، لانی کەم ۱۹ منداڵ گیانیان لەدەست داوە. لە نێوان ئەو منداڵانەدا، ۱۰ منداڵ کچ و ۹ منداڵ کوڕ بوون. دوو کەس لەو منداڵانە ۲ مانگان و ۷ مانگان بوون و گەورەترینیان ۱۷ ساڵی تەمەن بووە. سەرجەم ئەو حاڵەتانە لە پارێزگای تاران تۆمار کراون.
ناسنامەی منداڵانی کوژراو؛
۱ـ ڕایان قاسمیان - ۲ مانگان
۲ـ زەهرا زاکریان ئەمیری - ۷ مانگان
۳ـ ئەمیرعەلی ئەمینی - ۱۲ ساڵ
۴ـ پەرهام عەباسی - ۱۵ ساڵ
۵ـ فاتمە زاکریان ئەمیری - ۵ ساڵ
۶ـ باران ئەشرەفی - خوار ۱۵ ساڵ
۷ـ مەهیا نیکزاد - ۷ ساڵ
۸ـ سۆهەیل کەتوولی - ۱۱ ساڵ
۹ـ ئیما زەینەلی - ۷ ساڵ
۱۰ـ هیدا زەینەلی - ۴ ساڵ
۱۱ـ مۆتەهەرە نیازمەند - ۶ ساڵ
۱۲ـ عەلی نیازمەند - ۱۰ ساڵ
۱۳ـ فاتمە نیازمەند - ۱۲ ساڵ
۱۴ـ محەممەدڕەزا سدیقی سابیر - ۱۷ ساڵ
۱۵- مەتین سەفاییان - ۱۶ ساڵ
۱۶- زەهرا بەرزێگەر - ۳ ساڵ
۱۷- تارا حاجی میری - ۸ ساڵ
۱۸- منداڵێک بە ناسنامەی نەناسراو - ۶ ساڵ
۱۹- منداڵێک بە ناسنامەی نەناسراو - ۱۴ ساڵ
کوژرانی ۲۸ ژن، بریتی لە دوو کەسی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ۲۸ ژنی کوژراو بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە لە تاران کوژراون. دوو کەس لەو ژنانە بەناوەکانی فاتمە باقری و ئێلهام فەرەحمەند لە ئەندامانی سوپای پاسداران بوون و ۲۶ ژنی دیکە سڤیل بوون.
کوژرانی ۴۵۰ هێزی سەربازی لە تەواوی ئێران
لە یەکەمین کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هێرشی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاماری کوژراوانی سەربازی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. زانیاری و بەڵگەکانی بەردەستی هەنگاو نیشان دەدەن کە تا کۆتایی ڕۆژی پێنجەمی شەڕ، لانی کەم ۴۵۰ کەس لە ئەندامانی ئەرتەش، سوپای پاسداران، هێزی ئینتزامی، بەسیج، زانایانی بواری ناوکی و بژاردەی فەننی یان فەرمانبەرانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوە ئەمنییەکان کوژراون.
هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ۱۵۸ کەس بە تەواوی ئاشکرا بکات. زیاترین ئاماری کوژراوانی نیزامی لە پارێزگاکانی تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، کرماشان و قۆم تۆمار کراوە.
جیاکردنەوەی کوژراوانی نیزامی بەپێی پارێزگاکان:
پارێزگای تاران: ۱۹۵ کەس
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ۵۵ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۴۵ حاڵەت
پارێزگای قۆم: ۳۵ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۳۰ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ۲۰ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ۲۰ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۱۵ حاڵەت
پارێزگای زەنجان: ۸ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۷ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ۶ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۵ حاڵەت
پارێزگای مەرکەزی: ۵ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۴ حاڵەت
لە پارێزگای تاران کە ناوەندی سەرەکی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بووە، لانی کەم ۱۹۵ کەس لە هێزە سەربازییەکان کوژراون.
لەنێوان ئەو کەسانەدا ناسنامەی ۴۷ کەس بریتی لە ۱۰ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، ۱۰ زانای بواری ناوکی و ۲ بژاردەی حکومەتی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران لە لایەن هەنگاو ئاشکرا کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی خەساردیتنی خەڵکی سڤیل و چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە لە نێوان گۆڕانکارییە بەپەلەکانی ئەو شەڕەدا، گرینگی بە بارودۆخی جێی نیگەرانیی مافی مرۆڤ لە ئێران بدەن و دەستبەجێ بۆ پاراستنی لە خەڵکی سڤیل بەتایبەت ژنان و منداڵان کردەوەیان هەبێت.