دێولان؛ سۆهەیلا موتاعی، چالاکی مەدەنی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٥:٥١

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

سۆهەیلا موتاعی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لە دستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندکران و سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۵ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سۆهەیلا موتاعی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لە دێولان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر کراوە، لە لایەن لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری دێولان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندی گروپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" سزای سێ مانگ بەندکران و سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی ڕاگەیەندراوەی فەرمی، پێویست بووە ناوبراو تا ڕێکەوتی ۲۵ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە ڕای دادگا لەوێ ئامادە بێت. لە دوای نەڕۆیشتنی ناوبراو لە مۆڵەتی دیاریکراودا دادگا لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە سزاکەی پێ ڕاگەیاندووە. ئەو هاووڵاتییە ۲۰ ڕۆژی دەرفەت هەیە تا سەبارەت بەو سزای بەسەریدا سەپێندراوە لە ڕێگای یاساییەوە کارێک بکات؛ لە ئەگەری دەرنەبڕینی ناڕەزایەتی ئەو هاووڵاتییە بەو سزایە دادگا دەتوانێت بەپێی یاسا ڕای کۆتایی بەبێ ئامادەبوونی ناوبراو ڕابگەیێنێت.

سۆهەیلا موتاعی پێشتر لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بە تۆمەتی

"پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندی گروپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" بانگ کرابووە لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولان. سەرەڕای ئەوەش لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە دانیشتنی دادگاییکردنەکەیدا بێبەش کرابوو.

سۆهەیلا موتاعی رۆژی ٢٠ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکی و بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دێولان دەستبەسەر و پاش یەک حەوتوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

سۆهەیلا موتاعی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ لە گۆڕەپانی ساعەتی دێولان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و دوای چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دادگای شۆرشی دێولان سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕکردنی چەند مانگ لە سزاکەی بە لێبوردن لە بەندیخانەی ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە