ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر شەپۆلی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە ئەنجامی بەردەوامیی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۱۵۰ هاووڵاتی

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٩:٢٨

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان بە تۆمەتی وەکوو "سیخوڕی بۆ مۆساد"، "پاڵپشتی میدیایی لە ئیسرائیل" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەست پێکردووە. ئامانجی ئەو شەپۆلی دەستبەسەرکرانە زیاتر هاووڵاتییانی ئاسایی و بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەیان هاووڵاتی بریتی لە چالاکانی مەدەنی، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت کرێکاران لە ڕەوتی ئەو شەپۆلە لە چەوساندنەوەی هاووڵاتییاندا دەستبەسەر کراون؛

کردەوەیەک کە لە چوارچێوەی سیاسەتە چەوسێنەرەکان، تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی و بێ ڕەچاوکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دراوە.

دەستبەسەرکران بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ناچارکردن بە دانپێدانانی زۆرەملێ

بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو ئەو دەستبەسەرکرانانە بەبێ هیچ ڕەوتێک لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە ڕوویان داوە و زۆر یەک لەو کەسانە لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون کە میدیا حکومییەکان ئەوەیان بە بنەمای زیاتربوونەوەی دەستبەسەرکرانەکان ڕاگەیاندووە.

میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، خۆیان ئاماژەیان بە ڕەوتی وەرگرتنی دانپێدانان لە دەستبەسەرکراوان کردووە و ڕایانگەیاندووە، "بە گرنگیدان بە وەرگرتنی دانپێدانان لە سیخوڕانی دەستبەسەرکراوی مۆساد، تۆڕی مۆساد بەشێوەی زنجیرەیی کار دەکات، بەشێوەیەک کە هەندێک لەو کەسانە زانیارییەکیان لە یەکتر نەبووە و لە لایەن ئۆپەراتۆرەکان لە دەرەوەی ئێرانەوە هیدایەت کراون."

ئاماری دەستبەسەرکران بەپێی شارەکان

بەشێک لەو دەستبەسەرکرانانە کە بەشێوەی فەرمی لە لایەن هەواڵنێرە حکومەتییەکانی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە بریتی لەو کەسانە بوون:

شاری بانە، پارێزگای سنە، ۱ کەس بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ مۆساد"

ئیلام، ۱ کەس لە پادگانی نیزامی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ مۆساد"

لوڕستان، ۱۸ کەس بە تۆمەتی وەکوو "تێکدەرانی ئاسایشی گشتی"

شاری ساوجبلاخ، پارێزگای ئەلبۆرز، ۲ کەس بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە تیمی مۆساد" و "هاوکاری لەگەڵ دوژمن"

فەشافوویە و باشووری پارێزگای تاران، ۳ کەس بە تۆمەتی وەکوو "ئەندامێتی لە مۆساد"، "هەڵگرتنی ماددەی تەقەمەنی، ڕاگرتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و سیخوڕی"

ئەردەبیل، ۵ کەس بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی"

تاران، ۲۸ کەس وەکوو ئەندامانی تیمێکی ئەنجامی ئەرکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل

ئیسفەهان، ۱۶ کەس دەستبەسەر کراون و بۆ ۶۰ کەسی دیکە دۆسیەی دادوەری ساز کراوە. تۆمەتەکان بریتی لە "پاڵپشتی میدیایی لە ئیسرائیل"، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت"، "سووکایەتی بە شەهیدان" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" بوون.

گوڵستان، ۳ کەس بە تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی"

مازەندەران، ۱۵ کەس بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان" و "تێکدانی بیروڕای گشتی"

سمنان، ۲۱ کەس بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی"

هۆرمۆزگان، ۱۴ کەس بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل"

کرمان، ۲ کەس بە تۆمەتی "پاڵپشتی میدیایی لە ئیسرائیل"

شاری لالی، پارێزگای خووزستان، ۴ کەس بە "تۆمەتی پڕۆپاگەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە قازانجی ئیسرائیل"

شاری کورد، پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، ۱ کەس بە تۆمەتی "سازکردنی ئاڵۆزی دەروونی لە کۆمەڵگا"

هەروەها بەپێی ئەو زانیارییە بڕواپێکروانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی جۆزەردان (۱۷ی ژۆئەن)، لانی کەم ۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەندێک پۆست لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیلدا لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، بە سازکردنی دۆسیەی دادوەری و بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کراون.

سەرکوتی دیجیتاڵ؛ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامانجی سەرەکیی ناوەندە ئەمنییەکانن

بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو و بە پشتبەستن بە بەڵگە و ڕاپۆرتە خۆجێییەکان زۆر یەک لە دستبەسەرکراوان تەنیا بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕادەربرین سەبارەت بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل یان ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە نێوخۆییەکان، کراونەتە ئامانجی دەستبەسەرکرانی ناوەندە ئەمنییەکان.

هەندێک لە دستبەسەرکرانەکان بە ئامانجی ترساندن و سازکردنی بەربەست بۆ ئازادیی ڕادەربڕین لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دراون و نیشاندەری هەوڵی ناوەندە ئەمنییەکان بەمەبەستی کونتڕۆڵی سەختتری کەشی ئینتەرنێت و چەوساندنەوەی ڕەخنەگرانن.

فەرمانی دەزگای دادوەری بۆ دادگاییکردنی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوان و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سەروویاسایی

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانە سەرەڕۆیانە و ڕوو لە زیاتربوونەکاندا مۆحسێنی ئێژێئی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرمانی "دادگاییکردن و سزادانی دەستبەجێ"ی دەستبەسەرکراوان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلی داوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە زۆر یەک لە دستبەسەرکراوان بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لەژێر لێپرسینەوەی درێژماوە و گوشاری سەخت لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا ڕاگیراون.

ئەم کردەوە پێشێلکرانی ئاشکرای مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بنەمای بێبەریکردن بووە و بە بەشێک لە ڕەوتی تۆڵەسەندنەوە پاش هێرشەکانی ئیسرائیل دەزانرێت. خێراکردنەوەی سەپاندنی سزا بەبێ ڕەوتێکی یاسایی سەربەخۆ، نیشانەیەکی جێی نیگەرانی لە بەردەوامی چەوساندنەوەی دادوەری دژ بە هاووڵاتییانە و دەتوانێت ببێتە هۆی لەسێدارەدرانی سەروویاسایی و ئەو ڕەوتە خێراتر بکاتەوە.

هەڕەشە فەرمییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سازکردنی بەربەستی سەختتر بۆ دەستبەسەرکراوان

وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی هەندێک ڕاگەیەندراوە هەڕەشەیان کردووە کە هەرچەشنە هاوکارییەکی ڕاستەقینە یان خەیاڵی لەگەڵ ئیسرائیل بە "سەختترین سزاکان" وەڵام دەدرێنەوە، ئەو هەڕەشانە لە دۆخێکدا باس دەکرێن کە دەستبەسەرکراوان لە بێدەنگی چڕ لە بارودۆخی دۆسیەکەیاندا، بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و لەژێر گوشاری سەختی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەمنیدا ڕاگیراون.

هەروەها لە ڕێکەوتی ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، دادیاری گشتی ئێران بە ڕاگەیەندراوەیەک هۆشداری داوە کە میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە "ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگا تێک بدات"، لەگەڵ بەدواداچوونی یاساییدا ڕووبەڕوو دەکرێنەوە. هەروەها هەواڵنێری میزان هەواڵی هەڵسوکەوتی یاسایی لەگەڵ ئەوەی بە بڵاوکردنەوەی "ناوەڕۆکی ناڕاست" ناوی لێ بردووەی ڕاگەیاندووە. سەرجەم ئەو کردەوانە بە بەشێک لە سیاسەتی چەوسێنەرانەی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕێگری لە ئازادیی ڕادەربرین و سەقامگیریی کونتڕۆڵی ئەمنی لەسەر کەشی گشتی دەناسرێن.

دەستبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی و خوێندکاری

هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی چەند هاووڵاتیی لە درێژەی چەوساندنەوەکانی ئەم دواییانەدا بڵاو کردبۆوە. ڕۆژی ۲۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، مۆتەهەرە گوونەیی، چالاکی خوێندکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بەنیشانەی کاردانەوەیەک سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا مەعسوومە شەهنەواز لە مامۆستایانی خانەنشین لە سەبزەوار لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

هەروەها مستەفا مێهرئایین، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ پاش بڵاوکردنەوەی نامەیەک ڕوو لە خامنەیی، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە. ئەو دەستبەسەرکرانانە سەلمێنەری درێژەی سیاسەتە چەوسێنەرەکان و بەربەست سازکردن بۆ چالاکییە مەدەنی و زانکۆییەکان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوەن.

سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە

لە چوارەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئیسماعیل فکری، هاووڵاتیی خەڵکی تاران کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە درا، ئەو هاووڵاتییە لەحاڵێکدا لەسێدارە دراوە کە پرۆسەی دادوەریی دۆسیەی ناوبراو ناڕوون و لە دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا بوو.

هەنگاو پێشتر سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی ئەمنی هۆشداری دابوو و ئەو کردەوەی بە بەشێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە و چەوساندنەوە لە وەڵام بە قەیرانە دەرەکییەکان و خۆپیشاندانەکانی نێوخۆ دەزانێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئێدانەکردنی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکان، پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێبەری قەیرانە دەرەکییەکان، چەوساندنەوە لە ناوخۆ چڕتر دەکاتەوە و لەژێر تۆمەتی ئەمنی، بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکی هاووڵاتییان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەربەست ساز دەکات. هەنگاو داوای کاردانەوەی دەستبەجێی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و چاودێری سەربەخۆ لەسەر بارودۆخی دەستبەسەرکراوان دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە