ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لە حەوتەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کوژرانی لانی‌ کەم ٦٤٦ کەس برتیتی لە ٥٦٠ هێزی سەربازی و ٨٦ هاووڵاتیی سڤیل؛ لەوانە ٣٥ ژن و ٢١ منداڵ

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٠٠:١٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە بڕواپێکراو و خۆجێییەکان لە تەواوی ئێران کۆ کراونەتەوە و بەدواداچوونیان بۆ کراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژی یەکەم لە دەستپێکی شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی ئیسرائیل، لانی کەم ٦٤٦ کەس کوژراون. لەم ژمارەیە، ٨٦ هاووڵاتیی سڤیل و ٥٦٠ کەس لە هێزە سەربازی، ئەمنی، ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران و یا کادری پسپۆڕی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە سەربازییەکانی ئێران بوون.

هەنگاو هەروەها کوژرانی لانی کەم ٣٥ ژن و ٢١ منداڵ لە نێوان قوربانیانی سڤیلی ئەو شەڕە بەڵگەمەند کردووە. زیاتر لە ۸٥٪ی کوژراوانی سڤیل لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە.

کوژرانی ٨٦ کەس لە خەڵکی سڤیل لە حەوت ڕۆژی سەرەتای شەڕدا

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٨٦ کەس لە خەڵکی سڤیل لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون کە ناسنامەی ٨٣ کەسیان هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. لەنێوان ئەو کەسانەدا ٣٥ ژن و ٢١ منداڵ قوربانی بوون. هەروەها جێگای ئاماژەیە یەکێک لەم قوربانیانە خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بووە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو لانی کەم ٢٦ کەس لە هاووڵاتییانی سڤیل کە کوژراون لە بنەماڵەی ئەندامانی باڵا و کادرەکانی سوپای پاسداران بوون.

قوربانیانی سڤیل بەم شێوەن:

پارێزگای تاران: ٧٣ حاڵەت

پارێزگای ئیسفەهان: ٥ حاڵەت

پارێزگای هەمەدان: ٤ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٢ حاڵەت

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٢ حاڵەت

کوژرانی لانی کەم ٢١ منداڵ

هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای تاران و ئیسفەهان لانی کەم ٢١ منداڵ گیانیان لەدەست داوە. لە نێوان ئەو منداڵانەدا، ۱١ منداڵ کچ و ١٠ منداڵ کوڕ بوون. دوو کەس لەو منداڵانە ۲ مانگان و ۷ مانگان بوون و گەورەترینیان ۱۷ ساڵی تەمەن بووە. ١٧ منداڵ لە پارێزگای تاران و ٤ منداڵ لە پارێزگای ئیسفەهان کوژراون.

ناسنامەی منداڵانی کوژراو:

١. ڕایان قاسمیان _ ٢ مانگ

٢. زەهرا زاکریان ئەمیری _ ٧ مانگ

٣. ئەمیر عەلی ئەمینی _ ١٢ ساڵ

٤. پەرهام عەباسی _ ١٥ ساڵ

٥. فاتمە زاکریان ئەمیری _ ٥ ساڵ

٦. باران ئەشرەفی _ کەمتر لە ١٥ ساڵ

٧. مەهیا نیکزاد _٧ ساڵ

٨. سۆهەیل کەتوولی _ ١١ ساڵ

٩. ئیما زەینەلی _ ٧ ساڵ

١٠. هیدا زەینەلی _ ٤ ساڵ

١١. مۆتەهرە نیازمەند _ ٦ ساڵ

١٢. عەلی نیازمەند _ ١٠ ساڵ

١٣. فاتمە نیازمەند _ ١٢ ساڵ

١٤. محەممەدڕەزا سەدیقی سابر _ ١٧ ساڵ

١٥. مەتین سەفاییان _ ١٦ ساڵ

١٦. زەهرا بەرزێگەر _ ٣ ساڵ

١٧. تارا حاجی‌میری _ ٨ ساڵ

١٨. مۆجتەبا شەریفی _ ٧ ساڵ

١٩. فاتمە شەریفی _ ١١ ساڵ

٢٠. سەیدعەلی ساداتی _ ٦ ساڵ

٢١. ڕەیحانە سادات سادەتی _ ١٢ ساڵ

کوژرانی ٣٥ ژن، بریتی لە دوو ئەندامی سوپای پاسداران

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ٣٥ ژنی کوژراو بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە هەموویان لە پارێزگاکانی تاران و ئیسفەهان کوژراون. لەم نێوانەدا فاتمە باقری و ئێلهام فەرەحمەند لە ئەندامانی سوپای پاسداران بوون و ٣٣ کەسی دیکە سڤیل بوون.

کوژرانی ٥٦٠ هێزی سەربازی لە تەواوی ئێران

لە یەکەمین کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هێرشی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاماری کوژراوانی سەربازی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. زانیاری و بەڵگەکانی بەردەستی هەنگاو نیشان دەدەن کە تا کۆتایی ڕۆژی حەوتەمی شەڕ، لانی کەم ٥٦٠ کەس لە ئەندامانی ئەرتەش، سوپای پاسداران، هێزی ئینتزامی، بەسیج، زانایانی بواری ناوکی و بژاردەی فەننی یان فەرمانبەرانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوە ئەمنییەکان کوژراون.

هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢١١ کەس بە تەواوی ئاشکرا بکات. زیاترین ئاماری کوژراوانی نیزامی لە پارێزگاکانی تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کرماشان و قۆم و ئیسفەهان تۆمار کراوە.

جیاکردنەوەی کوژراوانی نیزامی بەپێی پارێزگاکان:

پارێزگای تاران: ٢٣٥ کەس

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٦٣ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٥٠ حاڵەت

پارێزگای قۆم: ٤٠ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ۳٥ حاڵەت

پارێزگای ئیسفەهان: ٤٠ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە: ۲۰ حاڵەت

پارێزگای ئەلبۆرز: ٢٠ حاڵەت

پارێزگای زەنجان: ١٥ حاڵەت

پارێزگای هەمەدان: ١٢ حاڵەت

پارێزگای خووزستان: ٩ حاڵەت

پارێزگای سنە: ۵ حاڵەت

پارێزگای مەرکەزی: ١٠ حاڵەت

پارێزگای فارس: ٦ حاڵەت

لە پارێزگای تاران کە ناوەندی سەرەکی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بووە، لانی کەم ٢٣٥ کەس لە هێزە سەربازییەکان کوژراون. لەنێوان ئەو کەسانەدا ناسنامەی ٦١ کەس بریتی لە ۱۰ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، ۱١ زانای بواری ناوکی و ۲ بژاردەی حکومەتی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران لە لایەن هەنگاو ئاشکرا کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی خەساردیتنی خەڵکی سڤیل و چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە لە نێوان گۆڕانکارییە بەپەلەکانی ئەو شەڕەدا، گرینگی بە بارودۆخی جێی نیگەرانیی مافی مرۆڤ لە ئێران بدەن و دەستبەجێ بۆ پاراستنی لە خەڵکی سڤیل بەتایبەت ژنان و منداڵان کردەوەیان هەبێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە