دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان و مەهاباد

هەنگاو؛ هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
ئیسماعیل ئیسماعیل پوور، سرووش یوسف زادە و مێهران خەدیری پوور، سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شارەکانی بکان مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (١٩ی ژۆئەنی ٢٠٢٥)، سروش یووسف زادە و مێهران خەدیری پوور، دوو هاووڵاتی کورد لە ماڵی خۆیاندا لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکران.
پێشتر لە شەوی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ دەستبەسەرکردنی مێهران خەدیری پوور هێرشیان بۆ سەر ماڵی ناوبراو کردبوو.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هێندێک کەلوپەلی سروش یوسفزادە و هەوروەها مۆبایلی باوک و برایەکەی داگرتبوو.
هەروەها، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل ئیسماعیل پوور، تەمەن ٦٠ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئیسماعیل ئیسماعیل پوور، ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ بەندیخانەی شاری ئورمییە گواسترایەوە.
تاوەکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەست نییە.