بۆكان؛ دەستبەسەركرانی بێهرووز یەزدانپەنا هاووڵاتیی كورد لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی بۆكان، بە ناوی بێهرووز یەزدانپەنا، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەكارهێنانی توندوتیژی لەم شارە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەكان لە ئورمیە گواستراوەتەوە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر كرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، بێهرووز یەزدانپەنا، تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵكی بۆكان لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەی بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەكان لە ئورمیە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، بە لێدان و توندوتیژی بێهرووز یەزدانپەنا و هاوژینەكەیان دەستبەسەر كردووە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتریش، لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، دوای ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە حكوومەتییەكان لە سەقز ڕفێندرابوو و دوای دوو هەفتە، لە ١٨ی خەزەڵوەر، بۆ یەكێك لە دەستبەسەرگەكانی تاران گواسترابوویەوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.