مەریوان؛ كوژرانی سەرمەد سەجادی، منداڵی تەمەن ٩ مانگ بە هۆی بەرکەوتنی پریشکی پەدافەندی سوپای پاسداران

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٢٣:٢٩

هەنگاو؛ شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

سەرمەد سەجادی، منداڵی ٩ مانگەی خەڵكی مەریوان بە هۆی بەرکەوتنی پریشکی گوللەی پەدافەندی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژرا. هەروەها لوقمان سەجادی، باوكی ئەم منداڵە لە بەشی قۆڵی بە سەختی بریندار بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣٠ جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، سەرمەد سەجادی، منداڵی خەڵكی مەریوان لەئاکامی بەرکەوتنی پریشکی گوللەی پەدافەندی سوپای پاسداران لە گوندی “دەرەتفێ”ی سەر بە مەریوان كوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم منداڵە گیانبەختكردووە كە دانیشتووی مەریوانن، ڕۆژی هەینی چووبوونە بۆ گوندی دەرەتفێ و لە بەرامبەر ماڵی یەكێک لە ناسیاوەكانی خۆیان پریشکی پەدافەندی سوپای پاسدارانیان بەر كەوتووە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی كرد لە ئاكامی ئەم ڕووداوە، سەرمەد سەجادی دوای لێكەوتنی تەركەش لە بەشی سەری دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە و باوكی، لوقمان سەجادی لە بەشی قۆڵی بریندار و بە مەبەستی چارەسەری دەرمانی بۆ یەكێک لە ناوەنە دەرمانییەكانی تاران گواستراوەتەوە.

بە وتەی خەڵكی ئەم ناوچەیە، ئەم گوللەیە لە پایگای سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندی “بەیەڵە” بە ئامانجی نادیار تەقە كراوە.

هەنگاو پێشتر لە بارەی گواستنەوەی بەرفراوانی كەرەستەی نیزامی بۆ نزیكی شوێنە نیشتەجێبوونەكان لە لایەن سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێان و بەكارهێنانی هاووڵاتییان وەكوو قەڵغانی مرۆیی، هۆشداری داوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە