ئیسفەهان؛ جێبەجێكرانی سزای سێدارەی مەجید موسەیبی بە تۆمەتی “سیخوڕی” بۆ ئیسرائیل

١ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٣:٥٩

هەنگاو؛ یەكشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥

دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند كە سزای سێدارەی مەجید موسەیبی بە تۆمەتی “سیخوڕی” بۆ ئیسرائیل، جێبەجی كراوە. هەنگاو پێشتر لە بارەی جێبەجێكرانی لەناكاوی سزای سێدارەی تۆمەتباران بە سیخوڕی لە كاتی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، هۆشداری دابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی یەكشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی مەجید موسەیبی، تۆمەتبار بە سیخوڕی لە شوێنێكی نادیار جێبەجێ كرا. هەواڵی دەستبەسەركرانی ئەم بەندكراوە پێشتر میدیایی نەكراوە و هەواڵدەریی میزان ڕایگەیاندووە كە سزای ناوبراو دوای پشتڕاستكردنەوەی لە دیوانی باڵای وڵات جێبەجێ كراوە.

میزان، میدیای سەر بە دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیویەتی كە نموونەی تۆمەتی مەجید موسەیبی “پەیوەندیی بەردەوامی ناوبراو لەگەڵ خزمەتگوزاری سیخوڕی ئیسرائیل” بووە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە ناوبراو لەگەڵ کەسێک بە ناوی دەیڤید پەیوەندی هەبووە و بە شێوەی هەفتانە ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆی بۆ ناوبراو ناردووە.

ئەم تۆمەتبارە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە تۆمەتی “موحاربە و گەندەڵی لەسەر زەوی (افساد فی الانش) لە ڕێگای هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمنی دەرەكی و سیخوڕی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێكدا نووسیبووو هەركات گرژییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل زیاد دەكات، حكوومەت بە مەبەست هەوڵی جێبەجێكرانی بەپەلەی سزای سێدارە بۆ كەسانێك دەدات كە پێشتر بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” لە بەندیخانەكان بە دیل گیراون.

جێبەجێكرانی سزای سێدارەی ئەم بەندكراوە تەنیا چەند كاتژمێر شوای ڕاگەیاندنی هێرشی ئاسمانی ئامریكا بۆ بنكە ناوكییەكانی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ لە قوم بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە