دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی محەممەد زەندکەریمی و مەسعوود ئەمیری لە دێولان و قوروە

هەنگاو: یەکشەممە ١ی پوشپەڕی ٢٧٢٥
محەممەد زەندکەریمی، هاووڵاتی کوردی خەڵکی شارۆچکەی بوڵواناوا سەر بە دێولان و مەسعوود ئەمیری، خەڵکی قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە. محەممەد زەندکەریمی دووەم جارە کە بەهۆی چالاکیەکانییەوە دەستبەسەر دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٨ی ژوەئەنی ٢٠٢٥)، محەممەد زەندکەریمی، تەمەن ٢٠ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی بڵواناوا سەر بە شاری دێولان دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
هەروەها، مەسعوود ئەمیری، خەڵکی قوڕوە ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئسرائیل بۆ سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
مەسعودو ئەمیری، تەمەن ٣٥ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی فەرنگیانی شاری قوروەیە و لە کۆمپانیای بارهەڵگر لە تاران کار دەکات.
محەممەد زەندکەریمی لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٣، لە ماڵی خۆیدا لە بولواناوا لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای ماوەیەک ئازاد کرا.