درێژەی شەپۆلی دەستبەسەركرانی هاووڵاتییانی كورد، دەستبەسەركرانی شەش هاووڵاتیی دیكە لە مەهاباد، شنۆ و پیرانشار

هەنگاو؛ دوشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەركرانی هاووڵاتییانی كورد هاوكات لەگەڵ دەستپێكی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ئیدریس ڕەسووڵی و كامران ڕەسووڵی، خەڵكی شنۆ، ئەحمەد مام شەریفی، سادق مەحموودنژاد و سەید ڕەحمان حوسێنی، خەڵكی پیرانشار و هاووڵاتییەكی خەڵكی مەهاباد بە ناوی سەعدوون غەزاڵی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، سەعدوون غەزاڵی، خەڵكی مەهاباد لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرا.
هەروەها، ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥، ئەحمەد مام شەریفی و سەید ڕەحمان حوسێنی، خەڵكی گوندی “سیلوە”ی سەر بە پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ماڵەكانیان دەستبەسەر كران.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەركرانەكان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، سادق مەحموودنژاد لە زیانبەركەوتوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار، و دوو برا بە ناوەكانی ئیدریس ڕەسووڵی و كامران ڕەسووڵی، خەڵكی گوندی “خالیداوا”ی سەر بە شنۆ لەم گوندە دەستبەسەر كران.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و هەروەها تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.