ڕاپۆرتی ژمارە ٣ی هەنگاو لەسەر دەستبەسەکرانی هاووڵاتییان لە ڕەوتی شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ دەستبەسەکرانی لانی کەم ٥٣٠ هاووڵاتیی بریتی لە ٣٠ ژن و دوو هاووڵاتیی ئەورووپی

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
بە پێی ئەو زانیاری و داتایانەی کە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کۆکراوەتەوە، لە دەستپێکی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی ئیسرائیل و شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکرانەکاندا، لە ماوەی دە ڕۆژی یەکەم لانی کەم ٥٣٠ هاووڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارە جیاکانی ئێران دەستبەسەر کراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هاووڵاتییان لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و بە تۆمەتی وەکوو "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، "چالاکی تەبلیغی دژی حکوومەت" و "تێکدانی ڕای گشتی" دەستبەسەر کراون. لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، لانی کەم ٣٠ ژن و ٢ کەسی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان و دوو هاووڵاتیی ئەوروپی هەیە. یەکێک لە بەندکراوە سیاسییەکان بە ناوی مەجید موسەیبی، بە تۆمەتی "سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل" سەر لە بەیانی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، بە بێ تێپەڕکردنی پرۆسەی دادگایی دادپەروەرانە و بە شێوەی نهێنی، جێبەجێ کرا.
هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بە پێی پارێزگاکان
بە پێێ ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دە ڕابردوو لانی کەم ٥٣٠ هاووڵاتیی لە شارە جیاکانی ئێران دەستبەسەر کراون بە پێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای خووزستان بە ٦٧ حاڵەت و لە پارێزگای تاران بە ٦٤ حاڵەت و پارێزگای فارس بە ٥٣ حاڵەت تۆمار کراوە.
پارێزگای خووزستان: ٦٧ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٦٤ حاڵەت (١ کەسی خەڵکی ئەفغانستان) (١ ژن)
پارێزگای فارس: ٥٣ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٥١ حاڵەت (١٨ کچی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ
پارێزگای لوڕستان: ٤١ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ٣٠ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٢٤ حاڵەت (٢ ژن)
پارێزگای قوم: ٢٢ حاڵەت
پارێزگای سمنان: ٢١ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ٢٠ حاڵەت (١ ژن)
پارێزگای ئیسفەهان: ١٩ حاڵەت
پارێزگای بووشەهر: ١٩ حاڵەت (١ کەسی خەڵکی ئەفغانستان)
پارێزگای مازەندەران: ١٦ حاڵەت
پارێزگای هۆرمۆزگان: ١٤ حاڵەت
پارێزگای گوڵستان: ١١ حاڵەت
پارێزگای قەزوین: ١٠ حاڵەت (٢ ژن)
پارێزگای کرماشان: ٩ حاڵەت (٦ ژن) و (١ هاووڵاتیی ئەورووپی)
پارێزگای یەزد: ٨ حاڵەت
پارێزگای ئەردەبیل: ٥ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ٤ حاڵەت
پارێزگای کوردستان: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٢ حاڵەت
پارێزگای شاری کورد: ١ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ١ حاڵەت
پارێزگای کەهگیلوویە و بویرئەحمەد: ١ حاڵەت (١ هاووڵاتیی ئەورووپی)
پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت
سەرەڕای دەستبەسەرکراوانی ڕاگەیێندراو بە پێی پارێزگاکان، هەواڵی دەستبەسەرکرانی ٨ کەسی دیکە لە یەکێک لە شارە سنوورییەکان (ئاماژە بە ناوی شارەکە نەدراوە) و هەروەها ٥ کەسی دیکە لە یەکێ لە پارێزگاکان و خۆکوژی یەکێکیان لە کاتی دەستبەسەکراندا کە ناوی پارێزگاکا نەبراوە بە شێوەی فەرمی لە لایەن میدیا حکوومەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.
هەواڵی دەستبەسەرکرانی ژمارەیەکی دیکە بە شێوەی فەرمی لە لایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بە بێ ئاماژە بە ژمارەیەکی دیاریکراو؛ ئەم حاڵەتانە سەر بە شاری بۆکان، پارێزگای مەرکەزی و کەهگیلوویە و بویرئەحمەدن.
دەستبەسەرکرانی لانی کەن ٣٠ ژن لە شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکرانەکاندا
لە نێوان دەستبەسەرکراواندا، لانی کەم ٣٠ ژن هەیە، لەوانە ٦ ژن لە قەسری شیرین، ٢ ژن لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ٢ ژن لە پارێزگای قەزوین، ژنێک لە کرمان و ژنێک لە تاران دەستبەسەر کراون، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتە پێشووەکانی هەنگاو، ١٨ کچی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە مەهاباد بە هۆی چالاکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. ئەم ئامارانە دەرخەری ڕێەژەیەکی زۆر بە تایبەتی ژنانی کورد بە ٢٥ حاڵەتی دەستبەسەرکران لە شەپۆلی سەرکوتەکانە. ئەم دەستبەسەرکرانە بەشێک لە شەپۆلی سەرکوتی بەرفراوان و پێشێلکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەکانە کە هاووڵاتییان لەوانە ژنان لە خۆ دەگرێت.
دەستبەسەرکرانی کەسانی خەڵکی ئەفغانستان و هاووڵاتییانی ئەورووپی
لە شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکرانەکان، لانی کەم دوو کەسی خەڵکی ئەفغانستان لە پارێزگاکانی تاران و بووشەهر دەستبەسەر کراون. هەروەها، هاووڵاتییەکی ئەرووپی لە پارێزگای کرماشان و هاووڵاتییەکی دیکەی ئەورووپی لە پارێزگای کەهگیلوویە و بویرئەحمەد دەستبەسەر کراون.
لەسێدارەدانی بەندکراوان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل
مەجید موسەیبی، یەکێک لە بەندکراوانی تۆمەتبار بە "سیخوڕی بۆ ئیسرایل"، لە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥) لە هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوە و بە بێ ئاگاداری پێشوو و دادگایی دادپەروەرانە، لە شوێنێکی نادیار لەسێدارە درا.
هەنگاو پێشتر هۆشداری دابوو کە بە زۆربوونی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، حکوومەت بە مەبەست و لە کردەیەکی سیاسی، سزای سێدارەی کەسانێک جێبەجێ دەکات لە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە بەندیخانە ڕاگیراون.
چڕکردنەوەی سەرکوتی دادوەری بە فەرمانی بەپەلە و هەڕەشەی سزای توند
لە درێژەی هەڕەشەکانی پێشووتر، وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای دادوەری بە سەپاندنی سنووردارکردنی توند و بڕیاری دادگاییکردنی بە پەلەی دەستبەسەرکراوان، ئەنجومەنی باڵای ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک ڕایگەیاند کە هەر جۆرە کردارێک لە بەرژەوەندی ئیسرائیل لەگەڵ هەڵسوکەوتی و سزای توند ڕووبەڕوو دەبێتەوە. هەر لە پەیوەندییەدا، مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی گەڵاڵەیەک بەپەلەی بە مەبەستی سزادانی ئەو کەسانەی هاوکاری وڵاتانی بیانی دەدەن، دەرکرد.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەکرانە بە توندی مەحکووم دەکات و جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی ئەمنی، فەزای ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤی سنووردار کردووە. هەنگاو لە ناوەندە نێونەتەوەییە مافی مرۆڤییەکان داوای هەوڵێکی بەپەلە و چاوەدێری سەربەخۆ بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان دەکات.