ڕاپۆرتی ژمارە ۵ی هەنگاو لە سەر شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکان هاوکات لەگەڵ شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بەردەوامیی ئەو ڕەوتە دوای ئاگربەست؛ دەستبەسەرکرانی ۹۰۰ هاووڵاتی

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
بەپێی دەیتا و زانیارییە کۆکراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۰ ڕۆژ لە ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکرانەکان لە ئێران تا ئێستاش بەردەوامە و لە سەرەتای شەڕەوە، لانی کەم ۹۰۰ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ۱۵۵ کەس لەو هاووڵاتییانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ۴۰ ژن، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و ۸ هاووڵاتیی ئەوروپی، بریتی لە یەک ژن دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەو کەسانە تۆمەتی وەکوو "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" و "تێکدانی بیروڕای گشتی"یان دراوەتە پاڵ.
جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاترین دەستبەسەرکرانەکان لە سەرەتای دەستپێکی شەڕ تا ئێستا لە پارێزگاکانی کرماشان، خووزستان، ئورمیە و تاران تۆمار کراون. ئەو ئامارە دەستبەسەرکرانەکانی پاش ئاگربەستیش لەخۆ دەگرێت.
پارێزگای کرماشان: ١٢۷ حاڵەت (۶ ژن) و (۱ هاووڵاتیی ئەوروپی)
پارێزگای خووزستان: ۱۰۰ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای ئورمیه: ۹۱ حاڵەت (۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ)
پارێزگای تاران: ۸۴ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ئەفغانستانی) (۱ ژن)
پارێزگای فارس: ۵۹ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای لوڕستان: ٥۱ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٤۹ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۳٧ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ئەوروپی)
پارێزگای بووشێهر: ۳۵ حاڵەت (بریتی لە هاووڵاتییەکی ئەفغانستانی)
پارێزگای کرمان: ۲۸ حاڵەت (۲ ژن)
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۷ حاڵەت (٢ ژن)
پارێزگای ئیسفەهان: ٢۵ حاڵەت (بریتی لە ۳ هاووڵاتیی ئۆکڕاینی)
پارێزگای مازەندەران: ۲۳ حاڵەت (۳ ژن بریتی لە یەک هاووڵاتیی ئەوروپی)
پارێزگای قوم: ۲۲ حاڵەت
پارێزگای سمنان: ۲۱ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۱۸ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای هۆرمۆزگان: ۱۷ حاڵەت (۱ هاووڵاتیی ئەوروپی) (۱ ژن)
پارێزگای گوڵستان: ۱۱ حاڵەت
پارێزگای قەزوین: ۱۰ حاڵەت (۲ ژن)
پارێزگای خوراسانی باشوور: ۱۰ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای یەزد: ۸ حاڵەت
پارێزگای ئەردەبیل: ۶ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۷ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ۵ حاڵەت (۱ ژن)
پارێزگای کۆهگیلوویه و بویێرئەحمەد: ۵ حاڵەت (۱ هاووڵاتی ئەوروپی)
پارێزگای ئەلبۆرز: ۴ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٣ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ۳ حاڵەت
پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری (شاری کورد): ۱ حاڵەت
سەرەڕای دەستبەسەرکرانە ڕاگەیێندراوەکان، میدیا حکومەتییەکان هەواڵی دەستبەسەرکرانی ۸ کەسیان لە یەکێک لە شارە سنوورییەکان و ۵ کەسی دیکە لە پارێزگایەک (کە یەک لەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە) بڵاو کردووەتەوە. هەروەها هەندێک ڕاپۆرت لەسەر دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە شاری بۆکان و پارێزگاکانی مەرکەزی و کۆهگیلویە و بویێرئەحمەد و ژمارەیەک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەکان بە ئیسرائیل لە پارێزگای مازەندەران بڵاو کراوەتەوە، بێ ئەوەی زانیارییەکی ورد لەو بارەدا ڕابگەیەندرێت.
دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۴۰ ژن لە شەپۆلی ڕابردووی دەستبەسەرکرانەکاندا
لانی کەم ۴۰ ژن لە پارێزگا جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون، ژمارەی ژنانی دەستبەسەرکراو بە پێی پارێزگاکان بەو شێوە بووە؛
کرماشان: ٦ حاڵەت
خوراسانی ڕەزەوی: ۲ حاڵەت
قەزوین: ۲ حاڵەت
کرمان: ۲ حاڵەت
تاران: ۱ حاڵەت
ئیلام: ۱ حاڵەت
سنە: ۱ حاڵەت
خووزستان: ١ حاڵەت
هۆرمۆزگان: ۱ حاڵەت
خوراسانی باشوور: ۱ حاڵەت
فارس: ١ حاڵەت
مازەندەران: ۳ ژن (بریتی لە ۱ ژنی هاووڵاتیی ئەوروپی)
هەروەها ۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ لە مەهاباد بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۳۰۰ هاووڵاتیی کورد
بە پێی بەڵگەکانی هەنگاو، هاووڵاتییانی کورد بەشێکی جێی سەرنجی دەستبەسەرکرانەکان پێکدێنن، لانی کەم ۱۲۷ کەس لە پارێزگای کرماشان و ۹۱ کەس لە پارێزگای ئورمیە لەنێوان هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراودا بوون. هەروەها ۲۶ ژنی کورد لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەو دوو پارێزگایەدان. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە ناسنامەی ۸۱ هاووڵاتیی کورد کە لەو ماوەدا دەستبەسەر کراون بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی بیانی؛ بریتی لە دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی و هەشت هاووڵاتیی ئەوروپی
لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکرانەکاندا، لانی کەم دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە پارێزگاکانی تاران و بووشێهر دەستبەسەر کراون.
هەروەها هەشت هاووڵاتیی ئەوروپی بریتی لە یەک ژن، لە پارێزگا جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون کە سێ کەسیان کە خەڵکی ئۆکڕاین بوون لە پارێزگای ئیسفەهان و هاووڵاتییانی بیانی دیکە لە پارێزگاکانی کرماشان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد و مازەندەران دەستبەسەر کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار هاووڵاتییانی بیانی بەتایبەت هاووڵاتییانی خاوەن دوو ناسنامەی بە ئامانجی گوشار و باج وەرگرتنی سیاسی بە بارمتە گرتووە.
چڕکردنەوەی ڕەوتی سەرکوتی دادوەری بە پەسەندکردنی یاسای نوێ بۆ سزادانی هاووڵاتییان و هەڕەشەی سەختترین سزا لە ئەگەری ڕاگەیاندنی زانیارییەکاندا
کاربەدەستانی دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ، هاووڵاتییان لە ئەگەری ناردنی وێنە و ڤیدیۆ بۆ میدیاکانی دەرەوەی ئێران لە بارودۆخی شەڕ یان باردۆخی ئەمنی بە ۱۵ تا ۲۵ ساڵ سزای بەندکران و بێبەشی هەمیشەیی لە خزمەتگوزارییە حکومەتییەکان مەحکووم دەکەن. بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بەبێ نۆبەت و لە دادگای شۆڕش ئەنجام دەدرێت. ئەو کردەوە بەشێک لە سیاسەتەکانی چڕکردنەوەی ڕەوتی سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندنی زانیاریی سەربەخۆیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەو شەپۆلە لە دەستبەسەرکرانەکان ئیدانە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی ئەمنی، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ سنووردارتر دەکاتەوە. هەنگاو داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە کردەوەیەکی دەستبەجێ و چاودێریی سەربەخۆیان لەسەر بارودۆخی دەستبەسەرکراوان هەبێت.