شنۆ؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی خالید بایەزیدی

هەنگاو؛ دووشەممە ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی خالید بایەزیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، خالید بایەزیدی، تەمەن ۴۳ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ناوبراو تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.