دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی میلاد ڕەحیمی و هادی ڕەحیمی دوو برای خەڵكی سەقز

هەنگاو؛ هەینی٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
میلاد ڕەحیمی و هادی ڕەحیمی دوو برای خەڵكی سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە و دوای تێپەربوونی شەش ڕۆژ زانیارییەك لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، دوو برای خەڵكی سەقز بە ناوەكانی میلاد ڕەحیمی تەمەن ٢٢ ساڵ و هادی ڕەحیمی تەمەن ٣٣ ساڵ، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییان لە سەقز دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە و دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ زانیارییەك لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزە ئەمنییەكان ئەم دوو برایانەیان كاتژمێر ٥ی بەیانی، بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری و بە لێدان و توندوتیژی، لە ماڵەكەیان لە شەقامی فەخرازی سەقز دەستبەسەر كردووە.
شایانی باسە كە دایكی ئەم دوو برا نابینایە و لە كاتی دەستبەسەركردنی منداڵەكانی، بە هۆی گوشاری دڵ لە نەخۆشخانەیە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.