سنە؛ دەستبەسەرکرانی جەلال خودامورادی لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران

٦ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٩:٣٤

هەنگاو؛ هەینی ۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

جەلال خودامورادی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۲ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، جەلال خودامورادی، دانیشتووی گەڕەکی حەسەن ئابادی سنە، چالاکی ژینگەپارێزی و ئەندامی گرووپی شاخەوانی حەسەن ئاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی جەلال خودامورادی، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدان ڕوویداوە و ئەو هێزانە دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی ناوبراو وەکوو مۆبایل و مێمۆری کامێراکەیدا گرتووە.

شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتر واتە ڕۆژی هەینی ۳ی خاکەلێوەی ۲۷۲۴ (۲۲ی مارسی ۲۰۲۴)، و هەروەها خاکەلێوەی ساڵی ۲۷۱۸، بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمه‌کانی نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە