شەڕ لە دژی کۆمەڵگا پاش ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل؛ ئازاد ڕەعنایی بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنە کوژرا

هەنگاو؛ هەینی ۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
ئازاد ڕەعنایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاڵێکی پشکنین لە نێو شاری سنە کوژرا. حکومەت لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، شەپۆلێک لە ترساندن و سەرکوتکردنی خەڵکی دەست پێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، ئازاد ڕەعنایی، خەڵکی شارۆچکەی دووشانی سنە بەدەستی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازاد ڕەعنایی لە خاڵێکی پشکنین لە سێڕای مەریوان-سنە لەحاڵێکدا کە بە ماتۆڕ تێپەڕ دەبوو، ڕاگیردراوە.
تا ئێستا هیچ ناوەندێکی ئەمنی، دادوەری و ئینتزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵێکیان لەسەر ئازاد ڕەعنایی بڵاو نەکردووەتەوە و بەرپرسیارێتی کوشتنی ناوبراویان وە ئەستۆ نەگرتووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل لە ڕۆژی ۲۳ی جۆزەردان، بێجگە لە تاوانی جەنگی و سازکردنی قەڵغانی مرۆیی، بە ئامانجی ترساندن و ڕێگری لە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک، بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستبەسەرکران، ئەشکەنجەی دەستبەسەرکراوان و تەقەی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییانی دەست پێ کردووە.