دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی كورد لە مەهاباد، بۆكان، سەقز و مەریوان

٦ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢١:١٨

هەنگاو؛ هەینی ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥

چوار هاووڵاتیی كورد بە ناوەكانی ناسر ئەلیاسی خەڵكی مەهاباد، ئەیووب خوسرەوزادە، خەڵكی بۆكان، ئومێد عەبیدیخا خەڵكی سەقز و هێمن ڕەنجبەر خەڵكی مەریوان لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، ناسر ئەلیاسی، خەڵكی گوندی “بەیتاس”ی سەر بە مەهاباد، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ زانیارییەك لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەم هاووڵاتییەیان لە ماڵەكەی خۆی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری دەستبەسەر كردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردان دوو هاووڵاتی بە ناوەكانی ئومێد عەبدیخا خەڵكی سەقز و هێمن ڕەنجبەر تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵكی مەریوان لە لایەن هێزە حكوەمەتییەكانەوە دەستبەسەر كران چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی ٣٠ جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٠ی ژوئەن)، ئەیووب خوسرەوزادە، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی بۆكان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ زانیارییەك لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری هەوڵی دەستبەسەركردنی ئەم چەند هاووڵاتییە كوردەیان داوە و تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم چوار هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە