بانە؛ کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

هەنگاو؛ شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سەیوان عەبدوڵڵازادە، کۆڵبەری لاوی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری ئەو شارە گیانی خۆی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی حوسێن (ناوبانگ نادیار)، خەڵکی سەقز بریندار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۸ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سەیوان عەبدوڵڵازادە، کۆڵبەری تەمەن ۲۰ ساڵی خەڵکی گوندی «حەوتتاش»ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا و حوسێن، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «کێلەشین»ی سەقز بریندار کرا.
ئەو دوو کۆڵبەرە لە بەرزاییەکانی سنووری «ئاوپەڕ»ی حەوتتاشی سەر بە شاری بانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە.
هاوکات دە ئەسپی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.