ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر لەسێدارەدران و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ۶ بەندکراوی سیاسی لە لایەن حکومەتی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

٧ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢٣:١١

هەنگاو؛ شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەش بەندکراوی سیاسی بریتی لە سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و بەشێوەی نهێنی لەسێدارە دراون. کاربەدەستانی ئەمنی وێڕای ڕێگری لە ڕادەستکردنی تەرمەکانیان، لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ ئەو بەندکراوانە ڕێگرییان کردووە؛ کە نیشانەیەکی ئاشکرا لە "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسنامەی شەش بەندکراوی سیاسی کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون بریتییە لە:

ئازاد شوجاعی تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی سەردەشت

ئیدریس ئالی خەڵکی سەردەشت

ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی سلێمانی

ئیسماعیل فکری تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی تاران

محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی تاران

مەجید موسەیبی خەڵکی ئیسفەھان

تەرمی هیچ یەک لەو کەسانە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و شوێنی ناشتنیان تا ئێستا نادیار ماوە.

لەسێدارەدرانی نهێنی بەندکراوان بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە

لە مەودای نێوان ڕۆژانی ۲۶ی جۆزەردان تا ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵، ئەو شەش بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانە جیاوازەکان و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لەسێدارە دراون:

ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۵ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئالی (دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت) و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد (خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.

ئیسماعیل فکری، ۲۶ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

مەجید موسەیبی ۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۲ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە شوێنێکی نادیار لەسێدارە درا.

محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۳ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

گوشاری ئەمنی لەسەر بنەماڵەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە، سەرەڕای بێبەشبوون لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی، بەسەختی لەژێر گوشاری ئەمنیدا داندراون و سەردانی بەردەوامیان بۆ ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان بەمەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکانیان بە هەڕەشە وەڵام دراوەتەوە و ئاکامێکی نەبووە.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ؛ پێشێلکردنی ڕوونی مافە نێودەوڵەتییەکان

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو بەندکراوانە بە بنەماڵەکانیان ڕێگرییان کردووە و شوێنی ناشتنیان تا ئێستا نادیار ماوەتەوە کە بەو هۆیەوە لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە، نهێنی بە ئەژمار دێت و لە بواری نێودەوڵەتییەوە نیشانەیەکی ڕوونی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیە.

هەنگاو جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرجەم لەسێدارەدرانەکان لە درێژەی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرنگی نەدان بە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ و بنەماکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دراون.

بەردەوامی پێشێلکردنی مافی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان

لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی بنەماڵەکانیان و ڕێگری لە ڕادەستکردنی تەرمەکانیان و ڕاگەیاندنی شوێنی ناشتنیان، نە تەنیا مافی قوربانیان، بەڵکوو مافە سەرەکییەکانی بنەماڵەکانیشیان پێشێل دەکات.

بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە مافی ناشتن و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە، هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی نهێنی و ناڕوونی ڕەوتی دادوەری، نیشانەیەک لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێن و پێشێلکردنی جددیی مافە سەرەکییەکانی مرۆڤن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەی ڕێکخراوانە دژ بە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بەتایبەت لە کوردستان بەکاری دەهێنێت.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ دژبەران

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوت، پێشینەیەکی درێژی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و بەتایبەت دژ بە بەندکراوانی سیاسی کورد، چەپ، بەهایی و ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق بەکار دەبردرێت. نموونەی هاوشێوەی ئەو تاوانە، بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر، شێرکۆ مەعارفی، ڕامین حوسێن پەناهی، مەحیەددین ئیبراهیمی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، لوقمان و زانیار مورادی و دەیان بەندکراوی سیاسی دیکەیە کە چارەنووسی هاوشێوەیان هەبووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پێداگری لەسەر گرنگیی لەبەرچاوگرتنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ، وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکردنی سزای سێدارە و کردەوەی پێشێلکەری مافی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان، داوا لە کۆمەڵگای جیهانی، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم رێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە وێڕای بەدواداچوون بۆ بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی خۆیان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وەڵامدانەوە و ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناچار بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە