درێژەی شەپۆلی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان؛ دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتی لە مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٥:٥١

هەنگاو؛ یەکشەممە ۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

ئەحسەن عوسمانی، حەمزە عوسمانی، عەبدوڵڵا باخە، ئومید باخە و ڕامیار ڕەزایی، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، ئەحسەن عوسمانی تەمەن ۲۲ ساڵ، حەمزە عوسمانی تەمەن ۲۴ ساڵ، ڕامیار ڕەزایی تەمەن ۲۵ ساڵ، ئومید باخە تەمەن ۳۰ ساڵ و عەبدوڵڵا باخە تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی گوندی "دەرەناخێ" سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە، ماڵەکانیان پشکنیون و هەڕەشەیان لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

بە دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتە، شەپۆلێکی بەرفراوان لە سەرکوت و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان دەستی پێ کردووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە