دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی عەبدول ڕەسووڵی و کەیوان سولەیمانی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دیواندەرە و بۆکان

هەنگاو؛ یەکشەممە ۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی عەبدول ڕەسووڵی خەڵکی دیواندەرە و کەیوان سولەیمانی خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، کەیوان سولەیمانی، تەمەن ۳۹ ساڵ و خەڵکی شاری سیمینەی سەر بە شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و دوای یازدە ڕۆژ دەستبەسەربوون لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۸ی ژوئەن)، عەبدول ڕەسووڵی، تەمەن ۳۷ ساڵ و خەڵکی گوندی «تازەئابادی دۆڵەڕەش» سەر بە شاری دیواندەرە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۲ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.