ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر چڕکردنەوەی سەرکوتی ئەمنی لە کوردستان هاوکات لەگەڵ ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل

هەنگاو؛ دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێک لە سەرکوت و دەستبەسەرکردن لە ئێران دەستی پێ کردووە کە دەرەنجامەکانی بەتایبەت لە کوردستان بەرچاو بووە؛ بەشێوەیەک کە شارەکانی کوردستان بەشێکی جێی سەرنجی لە دەستبەسەرکردن، لەسێدارەدرانی سیاسی، کوژرانی حکومەتی و نیزامیکردنی شارەکانیان لەخۆ گرتووە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ۳۰۰ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە یەک کەسیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە. هەروەها منداڵێک و لاوێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و سێ بەندکراوی سیاسیی کورد لەسێدارە دراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە زانیاری و بەڵگەکانی، باس لەسەر قەبارە جیاوازەکانی ئەو چەوساندنەوە لە کوردستان، بریتی لە دەستبەسەرکردنی سەدان هاووڵاتی، ئەشکەنجەکردن، کوشتن لە دەستبەسەرگە، لەسێدارەدانی سەروویاسایی، داگیرکردنی سەربازی شوێنە گشتییەکان و میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان دەکات.
شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردن لە شارەکانی کوردستان
بەپێی بەڵگەکانی هەنگاو، زیاتر لە ۳۰۰ کەس لە شارەکانی کوردستاندا دەستبەسەر کراون و لە نێوان ئەو کەسانەدا ژمارەیەکی بەرچاو ژن و کچی مێرمنداڵ بۆ نموونە ۱۸ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ لە مەهاباد و شەش ژن لە قەسری شیرین دەبیندرێن.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ۶۹ کەس لە دەستبەسەرکراوان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە ناوەکانیان بەپێی شارەکان جودا کراوەتەوە؛
پارێزگای ئورمیە
•مەهاباد (۱۹ حاڵەت): سرووش یووسفزاده، مێهران خەدیری پوور، پووریا نەسیری، کەیوان مامه گوڵی، ئومید ڕەش، ئەسعەد ڕەسووڵزاده، نوورەددین دوودەکانلوو، شاهۆ مەحموودی، سۆران سەفەری، خالید بەکری، محەممەد بەکری، سەعدوون غەزالی، خەبات کاردانی، محەممەد لوتفی فەڕ، ڕەحمان مام ئیسماعیل، ناسر ئێلیاسی، هەژار ئەسەدپوور، کەیوان ئەشتاب، ڕێبوار مستەفازاده
•بۆکان (٧ حاڵەت): ئیسماعیل ئیسماعیلی، بێهرووز یەزدانپەناه، ئەنوەر بایەزیدی، ئەیووب خەسرەوزاده، کەریم قادرپوور، بێهرووز شەریفی، کەیوان سولەیمانی
•نەغەده (۶ حاڵەت): ئەمین باشووکی، ڕەحمان خاڵخالی، فەرهاد کەریمی، کاوه قادری، سامان سەیدمەحموودیان، سامان کاکهمەمی
•پیرانشار (۷ حاڵەت): ئاریان مەشایخ، سادق مەحموودنژاد، ئەحمەد مام شەریفی، سەید ڕەحمان حوسێنی، یووسف بازەرگان، ناسح ئەیزەن، حەسەن فەلاعیان
•شنۆ (۶ حاڵەت): ئیدریس ڕەسوولی، کامڕان ڕەسوولی، خالید بایەزیدی، عومەر محەممەدی، سولەیمان قادر گەڵوان، کەماڵ عوقابی
•ئورمیه (٤ حاڵەت): ئەفشین عەزیزی، کاکۆ عەزیزی، بەختیار عەزیزی، عەلیڕەزا خالیدی
•کۆتۆل (۱ حاڵەت): ئەمین سەعدوویی
پارێزگای سنە
•مەریوان (۷ حاڵەت)
ئەیووب داربەرزین، هێمن ڕەنجبەر، ئەحسەن عوسمانی، حەمزه عوسمانی، عەبدوڵڵا باخه، ئومید باخه، ڕامیار ڕەزایی
•سەقز (۳ حاڵەت): میلاد ڕەحیمی، هادی ڕەحیمی، ئومید عەبدیخاه
•دیواندەره (٢ حاڵەت): فواد مورادی، عەبدول ڕەسوولی
•سنە (۱ حاڵەت): جەلال خودامورادی
•قوروه (۱ حاڵەت): مەسعوود ئەمیری
پارێزگای ئیلام
•دێلوڕان (۲ حاڵەت): کیانووش چراغی، ئەکرەم سەبزی
پارێزگای کرماشان
•مایەشت (۱ کەس): فواد عەلیخانی
•کۆیەشت(۱ کەس): ڕۆستەم باقری
•قەسری شیرین (۱ کەس): عەسکەر نەجەفی
کوشتنی حکومەتی لەژێر ئەشکەنجە و تەقەی ڕاستەوخۆ
لە ڕەوتی چەوساندنەوەکاندا، کوژرانی چەند هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێکی ۹ مانگان لە لایەن هێزەکانی سوپاوە تۆمار کراوە کە ناسنامەی سێ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە:
فواد عەلیخانی، تەمەن ۴۱ ساڵ و خەڵکی مایەشت ڕۆژی ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە دەستبەسەرگەی سوپا لە کرماشان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
ئازاد ڕەعنایی، خەڵکی شارۆچکەی دووشانی سنە ڕۆژی ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە خاڵێکی پشکنینی سوپا لەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.
سەرمەد سەجادی، منداڵی تەمەن ۹ مانگانی خەڵکی مەریوان، ڕۆژی ۳۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ لەو شارە بەهۆی بەرکەوتنی پریشکی پەدافەندی سوپای پاسداران کوژرا.
لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییانی کورد
سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بەناوەکانی ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی (دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت) و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد (خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان)، ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۵ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.
لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بەشێوەی نهێنی جێبەجێ کراوە و بنەماڵەکانیان لە مافی دوایین چاوپێکەوتن، وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکانیان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بێبەش کران.
میلیتاریزەکردنی کوردستان و نیزامیکردنی شوێنە گشتییەکان
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتەکانیدا هەواڵی نیزامیکردن، میلیتاریزەکردن و گواستنەوەی چەکی جەنگی بۆ ناوچە و شارەکانی کوردستانی ڕاگەیاندبوو کە بریتی بوون لە:
نیزامیکردن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی جەنگ بۆ ناوچەکانی کوردستان، بریتی لە جێگیرکردنی تۆپخانە لە چیای "گەزن"ی باینگان سەر بە شاری پاوە و گواستنەوەی کاروانی نیزامی بۆ بۆکان.
جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان لە بینا پەروەردەییەکان لە شاری سەردەشت وەکوو قوتابخانەی کچانەی کەوسەر.
گۆڕینی دەوروبەری نەخۆشخانەی فاڕابی کرماشان بۆ شوێنی ئەنبارکردنی پرۆژێکتایلی شەڕ؛ کارێک کە بە کەڵکوەرگرتن لە قەڵغانی مرۆیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسراوە.
پشکنینی بەرفراوان و توندوتیژانەی مۆبایل و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە شاری مەهاباد و دەستبەسەرکردنیان.
گوشار بۆ سەر سەربازان و هەڕەشەی لەسێدارەدرانیان
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی کوژرانی زیاتر لە ۷۰ کەس لە هێزە سەربازییەکان لە پارێزگای کرماشان، گوشار لەسەر سەربازەکان زیاتر بووە و سوپای پاسداران و ئەرتەش، هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە ئەگەری بەجێهێشتنی پادگانەکان یان هەڵاتن لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی، لەگەڵ سزای لەسێدارەدران یان سزای قورسی دیکەدا ڕووبەڕوو دەکرێنەوە.
سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لە ڕێگای بە سزاناساندنی دڵخۆشی دەربڕینی هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دادگوستەری سنە بە ناردنی کورتەنامەیەک هاووڵاتییانی ئاگادار کردبۆوە کە هەرچەشنە دڵخۆشی دەربڕینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاوانە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت و سەبارەت بە هەڵوێستیان بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەیانی لێ کردبوو.
هەنگاو ئەو کردەوە بە نموونەیەکی ئاشکرا لە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و هەوڵ بۆ کونترۆڵکردنی بیروڕای گشتی لە کوردستان دەزانێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی سەرکوتی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد، داوای کاردانەوەی دەستبەجێ، بەدواداچوونی سەربەخۆ و ناچارکردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وەڵامدانەوە لە پێناو پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کوردستان، لە کۆمەڵگای جیهانی، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم رێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکات.