درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد؛ دەستبەسەرکرانی سەید کەماڵ ئیبراهیمی لە نەغەدە و یوونس تەنهایی لە مەهاباد

٩ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢١:٣٤

هەنگاو؛ دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

دوو هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی سەید کەماڵ ئیبراهیمی خەڵکی نەغەدە و یوونس تەنهایی خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۸ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سەید کەماڵ ئیبراهیمی، تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، پەرەستار و مامۆستای زانکۆی پەرەستاری مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی وانەکوتنەوەکەی لە زانکۆدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی جۆزەردان (۱۸ی ژۆئەن) یوونس تەنهایی، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "هەمزاباد"ی سەر بە شاری مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی یوونس تەنهایی ناوەندە ئەمنییەکان هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بە بارودۆخ، شوێنی ڕاگرتن و هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ناوبراو پێ نەداونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو هاووڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە