ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری کورد سەرەڕای نالەباربوونی باری تەندروستیی ناوبراو

٩ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢١:٤١

هەنگاو؛ دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری کوردی خەڵکی شاری شنۆ کە لە دوازدە ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، سەرەڕای نەخۆشبوونی تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی پێویست و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری تەمەن ۵۴ ساڵ و خەڵکی شنۆ، سەرەڕای نەخۆشیی دیسکی کەمەر، شەکرە، زەختی خوێن و نەخۆشی گورچیلە بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە حەبە پێویستەکانی بە دەستبەسەرکراوی ڕاگیراوە و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە کە نیگەرانی زیاتر سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییەی لێکەوتۆتەوە.

شایەنی باسە کە، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوازدە ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی عومەر محەممەدی، ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافە سەرەکییەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی کەس‌وکاری ناوبراو بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە.

عومەر محەممەدی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە