سنە؛ دەستبەسەركرانی ناسیح مستەفایی هاووڵاتیی كورد لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ دووشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەركرانی هاووڵاتییانی كورد دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، ناسیح مستەفایی هاووڵاتیی خەڵكی سنە، دوای بانگكرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، ناسیح مستەفایی، خەڵكی گوندی “نەجێ”ی سەر بە سنە، دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ، بۆ دەستبەسەركردنی ناسێح مستەفایی هێرشیان كردبووە سەر ماڵەكەی. بەهۆی ئەوەی كە ناوبراو لە ماڵ نەببوو، ڕۆژی دواتر لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی بانگ و دوای چوونی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.