سەقز؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ژیلا تەشەکوری و هاوژینەکەی، دلێر سەلیمی

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
ژیلا تەشەکۆری و هاوژینەکەی دلێر سەلیمی، خەڵکی سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. ژیلا تەشەکوری بۆ بەندیخانەی سنە گواستراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا زانیارییەک لەسەر بارودۆخی دلێر سەلیمی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، دلێر سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چوار ڕۆژ هاوژینەکەشی، ژیلا تەشەکوری دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سنە گواسترایەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سەلیمی بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوو حەوتوو پێش واتە ڕۆژی سێشەممە دلێر سەلیمییان لە جاددەی ساوە دەستبەسەر کردووە و پاش چوار ڕۆژ، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە شاری سەقز و دەستیان بەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەری ناوبراودا گرتووە.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە ۳۱ی جۆزەردان (۲۱ی ژۆئەن)، چوار ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی دلێر سەلیمی و لە هەمان ڕۆژی پشکنینی ماڵەکەیاندا هاوژینەکەی، ژیلا تەشەکوری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ و دەستبەسەر کراوە.
شایەنی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی دلێر سەلیمی، ناوبراو تا ئێستاش لە سەرەکیتیرین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ژیلا تەشەکوری تەنیا لە پەیوەندییەکی کورتماوەی تەلەفۆنیدا هەواڵی گواستنەوەی خۆی بۆ بەندیخانەی سنەی ڕاگەیاندووە.