تاران؛ قودرەتوڵڵا جۆیار، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام سزای ۱۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٨:٤٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵

قودرەتوڵڵا جۆیار، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام و لە فەرمانبەرانی ناوچەی سەربازیی پارچین لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۱۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا قودرەتوڵڵا جۆیار، هاووڵاتیی تەمەن ۳۳ ساڵی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران و لە فەرمانبەرانی سەربازی، لە لایەن لقی سێی دادگای سەربازیی تاران بە تۆمەتی وەکوو "سووکایەتی بە ڕێبەر" و "دەستپێکردنی سیخوڕی" سزای ۷ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان و خواردنەوە کحولییەکان" سزای پێنج ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ۱۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، قودرەتوڵڵا جۆیار ئێستا لە دەستبەسەرگەیەکی سەربازی لە ناوچەی حیشمەتییەی تاران ڕاگیراوە.

قودرەتوڵڵا جۆیار ڕۆژی هەینی ۳۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۰ی ژۆئەنی ۲۰۲۵) لە ماڵەکەی خۆی لە تاران، لە لایەن هێزە پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی ئیتلاعاتی ناوچەی سەربازیی پارچین بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا تا ئێستا، لە مافە سەرەکییەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە