ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر ئاماری ۱۲ ڕۆژ شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی یەک مانگ دوای ئاگربەست

یەکشەممە ٥ گەلاوێژ، ٢٧٢٥
لە ئەنجامی شەڕی ڕاستەوخۆی سەربازی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل کە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ دەستی پێ کرد و ۱۲ ڕۆژ درێژەی کێشا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە کەڵکوەرگرتن لە زانیاریی تۆڕە مەیدانییەکانی خۆی لە تەواوی ئێران و شیکاریی سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی، قەبارە مرۆییەکانی ئەو شەڕەی ، پشتڕاست و بەڵگەمەند کردووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ماوەی دوازدە ڕۆژ شەڕدا، لانی کەم ۱۰۸۲ کەس لە ئێران کوژراون کە ۱۸۲ کەسیان لە هاووڵاتییانی سڤیل و ۹۰۰ کەس لە هێزە سەربازی، ئەمنی و کادرە پسپۆڕە پەیوەندیدارەکان بە ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوون.
لەو ماوەدا، لانی کەم ۶۸ ژن و ۴۵ منداڵ لە نێوان قوربانییانی سڤیلدا بیندراون. سەرەڕای ئەوەش، ئەم ڕاپۆرتە دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان، سەپاندنی سزای سێدارە، هێرشکردن بۆ سەر ناوەندەکانی ڕاگرتنی بەندکراوان و چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر گرووپە هەستیارەکانی خەڵک بریتی لە کۆڵبەران و کەمینە نەتەوەییەکان لەخۆ دەگرێت.
ئەم ڕاپۆرتە چوارەمین ڕاپۆرتی شیکاری و ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو لەسەر ئاڵوگۆڕییەکانی شەڕ و بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دوای شەڕ بە هەژمار دێت.
ئەم ڕاپۆرتە لە ۱۰ بەش پێکدێت کە بریتین لە؛
۱ـ کوژرانی ۱۸۲ هاووڵاتیی سڤیل
۲ـ کوژرانی لانی کەم ۴۵ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ
۳ـ کوژرانی لانی کەم ۶۸ ژن
۴ـ پوختەیەک لەسەر هێرش بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین و ئاشکراکردنی ناسنامەی ۴۴ کوژراوی ئەو بەندیخانەیە
۵ـ کوژرانی ۹۰۰ هێزی سەربازی
۶ـ بارودۆخی بەندیخانەکان و گیانلەدەستدانی دوو بەندکراوی سیاسی کورد
۷ـ کوژرانی ٦ کۆڵبەر
۸ـ کوژرانی ٢٩ هاووڵاتیی مەدەنی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
۹ـ سەپاندنی ١٨ سزای سێدارە بەسەر ٩ چالاکی سیاسیدا
۱۰ـ لەسێدارەدانی ۶ بەندکراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل
۱۱ـ دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ۱۸۰۰ هاووڵاتی
کوژرانی ۱۸۲ هاووڵاتیی سڤیل لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل
لە ماوەی دوازدە ڕۆژ شەڕدا، لانی کەم ۱۸۲ هاووڵاتیی سڤیل لە ڕەوتی هێرشی درۆنی و ئاسمانیدا کوژراون. لەو ژمارە، ناسنامەی ۱۸۰ کەس تا ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
لە نێوان کوژراواندا:
۶۴ ژن
۴۵ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ
و ۱ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان دەبیندرێن.
لە چەند حاڵەتدا، بریتی لە دوو منداڵ لە تەورێز، یەک منداڵ لە مەریوان و هەروەها یەک پیاو لە ئەندیمشک، هۆکاری گیانلەدەستدانی قوربانییان، بەرکەوتنی پریشکی پەدافەندی ئاسمانی سوپای پاسداران لە ناوچەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک ڕاگەیەندراوە.
هەروەها بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدەن، ۴۸ قوربانیی سڤیل لە کەسوکاری کادرەکانی سوپای پاسداران بوون.
جیاکردنەوەی قوربانییانی سڤیل بە پێی پارێزگاکان:
پارێزگای تاران: ۱۳۲ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ۱۵ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەھان: ۱۰ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۹ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۵ حاڵەت
پارێزگای خووزێستان: ۴ حاڵەت
پارێزگای قوم: ۴ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات: ۴ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۲ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۲ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۱ حاڵەت
کوژرانی لانی کەم ۴۵ منداڵ و مێرمنداڵ
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ڕەوتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، لانی کەم ۴۵ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ کوژراون. لەو ژمارە ۲۲ منداڵ کچ و ۲۳ منداڵ کوڕ بوون. دوو منداڵ تەنیا ۲ مانگان و ۷ مانگان بوون و گەورەترینیان ۱۷ ساڵی تەمەن بووە.
لە پارێزگای تاران، ۲۵ منداڵ گیانیان لەدەست داوە (۵۵٪ی کۆی حاڵەتەکان). هەروەها ۳ منداڵ بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی پریشکی پەدافەندی ئاسمانی کوژراون.
ناسنامە و تەمەنی منداڵان و مێرمنداڵانی کوژراو بە پێی پارێزگاکان؛
پارێزگای تاران؛ (۲۵ حاڵەت)
ئەمیرعەلی ئەمینی تەمەن ۱۲ ساڵ، پەرهام عەباسی تەمەن ۱۵ ساڵ، ڕایان قاسمیان ۲ مانگان، زەهرا زاکریان ئەمیری ۷ مانگان، فاتمە زاکریان ئەمیری تەمەن ۷ ساڵ، باران ئیشراقی تەمەن ۹ ساڵ، مەهیا نیکزاد تەمەن ۷ ساڵ، مۆتەهەره نیازمەند تەمەن ۶ ساڵ، عەلی نیازمەند تەمەن ۱۰ ساڵ، سۆهەیل کەتوولی تەمەن ۱۱ ساڵ، محەممەدڕەزا سدیقی سابر تەمەن ۱۷ ساڵ، مەتین سەفاییان تەمەن ۱۶ ساڵ، زەهرا بەرزێگەر تەمەن ۳ ساڵ، تارا حاجی میری تەمەن ۸ ساڵ، موحەدیسه ئەقدەسی تەمەن ۱۳ ساڵ، محەممەدڕەزا ئەقدەسی تەمەن ۱۰ ساڵ، کیان قاسمیان تەمەن ۵ ساڵ، سێروین حەمیدیان تەمەن ۸ ساڵ، مێهرداد خەیری تەمەن ۵ ساڵ، ئەمیر عەباس جەعفەرئابادی تەمەن ۹ ساڵ، محەممەدعەلی بەهمەنئابادی تەمەن ۱ ساڵ، زەهرا بەهمەنئابادی تەمەن ۷ ساڵ، هانیه بەهمەنئابادی تەمەن ۴ ساڵ، فاتمە نیازمەند ١٢ ساڵە و مرسانا بەهرامی ٨ ساڵە.
پارێزگای ئیسفەھان؛ (۷ حاڵەت)
ئایما زەینەلی تەمەن ۷ ساڵ، هیدا زەینەلی تەمەن ۴ ساڵ، سەید عەلی سادات ئەرمەکی تەمەن ۶ ساڵ، رەیحانه سادات ئەرمەکی تەمەن ۱۵ ساڵ، فاتمه شەریفی تەمەن ۱۱ ساڵ، موجتەبا شەریفی تەمەن ۸ ساڵ، فاتمه سادات ئەرمەکی تەمەن ۸ ساڵ.
پارێزگای گیلان؛ (۵ حاڵەت)
سەیده مەحیا سدیقی سابر تەمەن ۸ ساڵ، میلان سابر تەمەن ۶ ساڵ، یاس سابر تەمەن ۱۴ ساڵ، ئەمیرعەلی چەترعەنبەرین تەمەن ۱۳ ساڵ، حەمیدڕەزا سدیقی سابر تەمەن ۱۷ ساڵ.
پارێزگای قوم؛ (۲ حاڵەت)
ئێحسان قاسمی تەمەن ۱۶ ساڵ، محەممەدحوسێن خاکی تەمەن ۱۵ ساڵ.
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات؛ (۲ حاڵەت)
تاها بێهرووزی تەمەن ۸ ساڵ، ئێلیسا جەباری تەمەن ۸ ساڵ. (گیانلەدەستدانی هەر دوو کەسیان لە ئەنجامی پەدافەندی ئاسمانی ئێران بووە).
پارێزگای خووزستان؛ (۱ حاڵەت)
ئارمین مووسەوی تەمەن ۷ ساڵ
پارێزگای کرماشان؛ (۱ حاڵەت)
یاسین مۆلایی تەمەن ۶ ساڵ
پارێزگای لوڕستان؛ (۱ حاڵەت)
هێلێنا غوڵامی تەمەن ۱۱ ساڵ
پارێزگای سنە؛ (۱ حاڵەت)
سەجاد سەرمەدی ۹ مانگان (گیانلەدەستدانی لە ئەنجامی پەدافەندی ئاسمانی ئێران بووە).
کوژرانی ۶۸ ژن بریتی لە دوو ئەندامی ناوەندە ئەمنییەکان
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ۶۸ ژنی کوژراو بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە کە ۵۶ کەسیان لە پارێزگای تاران کوژراون.
دوای پارێزگای تاران زیاترین ئامار لە پارێزگای گیلان بە ۵ حاڵەتەوە تۆمار کراوە و لە پارێزگای ئیسفەھان ۲ حاڵەت و لە پارێزگاکانی کرماشان، قوم، ئەلبۆرز و خووزستان هەر یەک ۱ حاڵەت لە کوژرانی ژنان تۆمار کراوە.
بە پێی ئەم ئامارە، لانی کەم ۵ کەس لەو ژنانەی کوژراون لە ئەندامانی سوپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان و ناوەندە ئەمنییەکانی دیکە بوون.
بەندیخانەی ئێڤین و زیانی مرۆڤی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل
لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەندیخانەی ئێڤینی تاران یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی زیانە مرۆڤییەکان بووە؛ ڕووداوێک کە قەبارە مافی مرۆڤییەکانی جێی نیگەرانین. بە پێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان تا ڕیکەوتی ۲۱ی جولای ۲۰۲۵، کوژرانی ۴۴ کەس لە بەندیخانەی ئێڤین بەشێوەی سەربەخۆ لە لایەن هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە. لەو ژمارە ۱۶ کەس لە هێزە سەربازی و ئینتزامییەکان (سەرباز و ئەفسەر) و ۲۸ کەس لە کادری سڤیل و فەرمانبەرانی بەشی ئیداریی بەندیخانە بوون. لە نێوان قوربانییانی سڤیلدا، ۱۰ ژن و ۱ منداڵ دەبیندرێن. سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەندێک لە میدیا نێودەوڵەتییەکان هەواڵی کوژرانی ۷۱ تا ۸۰ کەسیان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هەنگاو تا ئێستا بە پێی بەڵگە سەربەخۆکانی خۆی تەنیا ئاماری کوژرانی ۴۴ کەس پشتڕاست دەکاتەوە.
بە پێی بەڵگە کۆکراوەکانی هەنگاو، هێرش بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین لە ڕۆژی ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۳ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، زیاتر بەشە سڤیلەکانی بەندیخانەی کردووەتە ئامانج. ڕووخانی تەواوی هۆڵی چاوپێکەوتن، بەشی ئیداری و دەرمانگا بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاوی کوژراوان لە خەڵکی سڤیل بن؛ وەکوو فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری، کادری دەرمان، بەندکراوانی ئاسایی و بنەماڵەکانیان کە لە حاڵی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان بوون. سەرچاوەی هەنگاو پێداگری دەکات کە تەقینەوەکان لەو کاتژمێرانەدا ڕووی داوە کە بینای ئیداریی بەندیخانە و دەرمانگا پڕ لە خەڵک بوون و بنمیچی دەرمانگا و دیوارەکانی هۆڵی چاوپێکەوتن بە تەواوی ڕووخاون. وێنە بڵاوکراوەکان لەو شوێنە نیشان دەدەن تەرمەکان لەوێدان و فریاکەوتن بە دواکەوتنەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و کەشێکی سەختی ئەمنی ساز کراوە.
هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی بەندکراوان، بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی و ئایینی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەرچی ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، بەڵام بە پێی بنەماکانی مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤدۆستی، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو لایەنی ڕاگری بەندکراوان، بەکارگرتنی تەواوی ڕێوشوێنەکان بەمەبەستی پاراستنی گیانی بەندکراوان و فەرمانبەرانی سڤیل تەنانەت لە کاتی شەڕی لە ئەستۆدا بووە. بەتاڵ نەکردن لە کاتی پێویست، نەبوونی ڕێوشوێنێک بۆ پاراستن و بەردەوامیی چاوپێکەوتنەکان لە کاتی هەستیاردا، چەندین نموونە لە کەموکورتییە ڕێکخراوەییەکانن کە کۆماری ئیسلامی پێویستە لە پێناویاندا وەڵام بداتەوە. کوژرانی ژنان، منداڵان و هاووڵاتییانی سڤیل لەو بارودۆخەدا، پێشێلکردنی ئاشکرای پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە و پێویستیی بەدواداچوونی سەربەخۆ و بەرپرسیارێتی دەستبەجێ دوو قات دەکاتەوە.
کوژرانی ۹۰۰ هێزی سەربازی لە تەواوی ئێران
لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هێرشی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و درۆنی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر سوپای پاسداران و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی دیکە لە ئێران، ئاماری کوژراوانی سەربازی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بوون.
زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان و ئەو بەڵگانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتوون نیشان دەدەن کە لە ماوەی ۱۲ ڕۆژ شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، لانی کەم ۹۰۰ کەس لە ئەندامانی ئەرتەش، سوپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان، بەسیج، زانای بواری ناوەکی و بژاردە فەننی و فەرمانبەرانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی تەواوی ۵۷۰ کەسیان ئاشکرا بکات. زیاترین ژمارەی کوژراوانی سەربازی لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لوڕستان، ئەلبۆرز، قوم و ئیسفەهان تۆمار کراون.
جیاکردنەوەی کوژراوانی سەربازی بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای تاران: ۲۹۵ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۱۰۰ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات: ۹۸ حاڵەت
پارێزگای قوم: ۷۴ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەھان: ۷۵ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۷۵ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۳۵ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ۳۰ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ۳۰ حاڵەت
پارێزگای زەنجان: ۲۰ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۲۰ حاڵەت
پارێزگای مەرکەزی: ۱۷ حاڵەت
پارێزگای یەزد: ۱۵ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۷ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۹ حاڵەت
لە پارێزگای تاران کە ناوەندی سەرەکیی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بووە، لانی کەم ۲۹۵ کەس لە هێزە سەربازییەکان کوژراون. لە نێوان کوژراوانی ئەو پارێزگایەدا، ناسنامەی ۱۹۶ کەس بریتی لە ۱۱ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، ۱۴ زانای بواری ناوەکی و ۲ بژاردەی حکومەتی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران لە لایەن هەنگاو ئاشکرا کراوە.
حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران یەک مانگ دوای راگەیاندنی ئاگربەست
ئ) بارودۆخی بەندکراوان
سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، گوشارەکان لەسەر بەندکراوانی سیاسی زیاتر بووە و زۆربەی بەندکراوانی سیاسی لە مافی مەرەخەسی، چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هەر ئەوە نیگەرانیی بنەماڵەکانیان لەسەر باری تەندروستیی ئەو بەندکراوانەی لێکەوتۆتەوە.
گیانلەدەستدانی دوو بەندکراوی کورد لە ماوەی مانگی ڕابردوودا؛
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی کورد و خەڵکی مایەشت سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی فواد عەلیخانی تەمەن ۴۱ ساڵ کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە. ناوبراو ۱ی پووشپەڕ دەستبەسەر کرا و ۲ی پووشپەڕ (۲۳ی ژۆئەن) لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
هەروەها قادر ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسی تەمەن ۵۳ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی هەینی ۲۷ی پووشپەڕ (۱۸ی جولای)، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، بەبێ هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی پێشوو بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی خۆی لەدەست دا.
لە دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین و گواستنەوەی بەرفراوانی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندیخانەی قزڵحیسار، تارانی گەورە و قەرچەکی وەرامین، دۆخی ڕاگرتنی بەندکراوان لەو بەندیخانانە بە قەیراناوی ڕاگەیەندراوە. ئەو بەندکراوانەی گواستراونەتەوە بەتایبەت لە بەندیخانەی قزڵحیسار، لە بەندی تاکەکەسی بێ سیستەمی ئاڵوگۆڕی هەوا، ئاوی خواردن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و کەرەستەی پێویستی سەرەکی ڕاگیراون و لەگەڵ ئەشکەنجەی دەروونی، بێبەشی تەواو لە پەیوەندیگرتن، قەدەغەبوونی چاوپێکەوتن و بەربەستی سەختی خۆراک و دەرمان ڕووبەڕوون.
لە بەندیخانەی ژنانی قەرچەکی وەرامین بەندکراوانی سیاسی، بریتی لە ژمارەیەک لە چالاکانی ژن کە لە بەندیخانەی ئێڤینەوە گواستراونەتەوە، لەگەڵ بارودۆخی هاوشێوە و بەڵکوو سەختتریش ڕووبەڕوو بوونەتەوە. گەرمای لەڕادەبەدەر، کەمبوونی ئاو و خۆراک، بەستنی سیستەمی فێنک کەرەوە پاش سەردانە فەرمییەکان و نەبوونی پێڕاگەیشتنی پزیشکی، گیانی زۆر یەک لە بەندکراوانی ژنی خستۆتە مەترسییەوە و هەندێک لە بەندکراوان بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو بارودۆخە مانیان لە خواردن گرتووە.
هاوکات لەگەڵ ئەو بارودۆخە، دەیان بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قزڵحیسار و تارانی گەورە بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بێڕێزانە و ڕەچاونەکردنی مافە سەرەکییەکانیان، مانیان لە خواردن گرتووە. هەروەها بنەماڵەی بەندکراوان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.
ا) چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر کۆڵبەران و کوژرانی پێنج کۆڵبەری گەنج
لە ڕۆژانی دوای ئاگربەستدا، لانی کەم ٦ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا ۶ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژرابوون.
ناوی کۆڵبەرانی کوژراو؛
۱ـ سەیوان عەبدوڵڵازادە تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی بانە لە ڕێکەوتی ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۸ی ژۆئەنی ٢٠٢٥)، لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
۲ـ خالید مەحموودی تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی بانە لە ڕێکەوتی ۱۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۸ی جولای ٢٠٢٥)، لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
۳ـ پەیام ئەحمەدی تەمەن ۲۴ ساڵ و خەڵکی سەوڵاوا لە ڕێکەوتی ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۵ی جولای ٢٠٢٥)، لە سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
۴ـ لەتیف یەعقووبی تەمەن ۴۵ ساڵ و خەڵکی سەڵماس لە ڕێکەوتی ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۲ی جولای ٢٠٢٥)، لە سنووری سەڵماس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
۵ـ ئەمین گەردی تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی مەریوان لە ڕێکەوتی ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۳ی جولای ٢٠٢٥)، لە سنووری سەوڵاوا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٦_ بەرزان ساڵحی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی بانە، لەڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٥ی جولای ٢٠٢٥) لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
کوژرانی ئەو کۆڵبەرانە لەحاڵێکدا بووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆڵبەرانیان بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی" تۆمەتبار کردووە و لەو ڕێگایەوە بە ئاشکرایی هەڕەشەیان لێ کردوون.
ب) کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە خاڵەکانی پشکنین و هێرش بۆ سەر ماڵی خەڵکی
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا و پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لانی کەم ٢٩ هاووڵاتیی مەدەنی بریتی لە ١٨ هاووڵاتیی بەلووچ، ۴ هاووڵاتیی کورد، ۵ ژن و یەک منداڵی ۴ ساڵان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریتی لە بەسیج، سوپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.
ناوی ئەو کەسانەی کوژراون بەو شێوە بووە؛
۱ـ حەسەنیه کەلەکلی مامۆستای ژنی بەلووچ و تەمەن ۴۱ ساڵ لە ڕێکەوتی ۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۲ـ ڕەزا حەمیداوی، لاوی تەمەن ۲۰ ساڵی عەرەب و خەڵکی ئابادان لە ڕێکەوتی ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۳ـ ئازاد ڕەعنایی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە لە ڕێکەوتی ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۴ـ عەلیڕەزا کەرباسی هاووڵاتیی خەڵکی هەمەدان، لە ڕێکەوتی ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۵ـ مەهدی عەبایی هاووڵاتیی خەڵکی هەمەدان، لە ڕێکەوتی ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۶ـ خان بیبی بابامێری ژنی بەلووچی تەمەن ۴۰ ساڵ لە ڕێکەوتی ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۷ـ لالی بامێری ژنی تەمەن ۴۰ ساڵی بەلووچ و خەڵکی خاش، لە ڕێکەوتی ۱۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۸ـ دادعەباس سادقی هاووڵاتیی بەلووچی خەڵکی دێلگان لە ڕێکەوتی ۱۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۹ـ ڕەها شێخی منداڵی ۴ ساڵانی خەڵکی خومەین لە ڕێکەوتی ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۰ـ محەممەدحوسێن شێخی خەڵکی خومەین لە ڕێکەوتی ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۱ـ سدیقه شێخی ژنی خەڵکی خومەین، لە ڕێکەوتی ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۲ـ ئەعزەم حەیدەری ژنی خەڵکی خومەین، لە ڕێکەوتی ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۳ـ ئەمیر میربەلووچ زێهی، تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی خاش، لە ڕێکەوتی ۲۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۴ـ شەهرام وەتەنخاه هاووڵاتیی تەمەن ۲۶ ساڵی خەڵکی سەرباز، لە ڕێکەوتی ۲۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۵ـ محەممەد دەهانی گەنگی تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی سیب و سۆران، لە ڕێکەوتی ۲۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ کوژرا.
۱۶ـ بەهمەن کازمی تەمەن ۴۵ ساڵ و خەڵکی کۆیەشت، لە ڕێکەوتی ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە کەنگەڤەر کوژرا.
۱۷ـ ئارمان بیگلەری، خەڵکی هەلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە ڕێکەوتی ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژرا.
۱۸ـ پژمان بەدر، خەڵکی هەلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە ڕێکەوتی ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژرا.
١٩_ هاشم قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٠_ حوسێن قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢١_ ڕەحمەتوڵڵا قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٢_ خەلیل قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٣_ مەنسوور قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٤_ بەسیر قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٥_ فەرشید قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٦_ عەبدولڕەحمان قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٧_ سەفیوڵڵا قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٨_ نورئەحمەد قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
٢٩_ جەواد قەنبەرزێهی خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە شاری ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
پ) سەپاندنی سزای قورس بریتی لە ١٨ سزای سێدارە بەسەر ٩ بەندکراوی سیاسیدا
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣٠ چالاکی سیاسی بریتی لە ۱۸ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە و بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو کەسانە سەرجەم سزای ٢٧٨ ساڵ و ۹ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. ٩ کەس لەو بەندکراوانە سەرجەم ١٨ سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە نێوان ئەو بەندکراوانەدا، ۱۸ چالاکی سیاسی کورد سەرجەم سزای ۲۲۱ ساڵ و ۷ مانگ بەندکران و پێنج کەسیان بێجگە لە سزای بەندکران سەرجەم ۱۱ سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە یەکێک لە تۆمەتەکانیان "هاوکاری لەگەڵ مووساد و ئیسرائیل" بووە.
ناوی ئەو کەسانەی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە؛
۱ـ سۆران قاسمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان سزای ۳ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۲ـ ڕزگار بەیگزاده بابامیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان سزای ۳ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳ـ کاوه ساڵحی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان سزای ۲ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۴ـ پژمان سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان سزای ۲ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۵ـ تەیفوور سەلیمی بابامیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان سزای ۱ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۶ـ فەرشاد ئێعتمادیفەر، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی یاسووج سزای ۲ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۷ـ مەسعوود جامعی، هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز سزای ۲ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۸ـ عەلیڕەزا مێرداسی، هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز سزای ۲ جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٩_ یەعقووب درەخشان هاووڵاتیی گیلەک و خەڵکی بەندەری ئەنزەلی، سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.
شایەنی باسە کە هەر لەو ماوەیەدا، سزای نامرۆڤانەی لێدانی ۳۰ زەربەی قامچی ئارمان شادیوەند، چالاکی ژینگەپارێزی کوردی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام جێبەجێ کراوە.
ت) زیاتربوونی لەسێدارەدرانەکان و لەسێدارەدرانی ۶ بەندکراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە کاتی دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و تا یەک مانگ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەو دوو حکومەتە، لانی کەم ٨٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون.
لەو ژمارە ١٥ بەندکراو لوڕ، ۱۲ بەندکراو تورک، ١٢ بەندکراو کورد، ۶ بەندکراو بەلووچ و ۶ بەندکراویش خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بوون.
لە سەرجەم ٨٥ بەندکراوی لەسێدارەدراو، ۶ بەندکراو بریتی لە سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە مەودای ۱۰ ڕۆژدا لەسێدارە دراون. هەروەها دوو بەندنکراوی سیاسیی دیکەش لەسێدارە دراون. ئەو بەندکراوانە لە حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بە هەژمار دێن کە تەرمەکانیان تا ئێستاش ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە.
ناوی ئەو بەندکراوانەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون؛
۱ـ ئیسماعیل فکری خەڵکی تاران، لە ڕێکەوتی ۲۶ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۲ـ مەجید موسەیبی خەڵکی ئیسفەھان، لە ڕێکەوتی ۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە شوێنێکی نادیار لەسێدارە درا.
۳ـ محەممەدئەمین مەهدەوی شایسته خەڵکی تاران، لە ڕێکەوتی ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۴ـ ئازاد شوجاعی خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۵ـ ئیدریس ئالی خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۶ـ ڕەسوول ئەحمەد ڕەسووڵ خەڵکی سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
٧_ مەهدی حەسەنی خەڵکی تاران لەڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٨_ بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو خەڵکی تاران لەڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
هەروەها سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی سەقز بەناوی ئیلیا خەلیفەزادە، لە ڕێکەوتی ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵، لە شاری بۆکان و لە پێش چاوانی خەڵکدا جێبەجێ کرا. ناوبراو کەمتر لە شەش مانگ پێش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ج) دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ۱۸۰۰ کەس لە ماوەی ڕابردوودا
لە کاتی دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل تا یەک مانگ پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ۱۸۰۰ کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون.
زیاترین دەستبەسەرکراوانی ماوەی ڕابردوو، هاووڵاتییانی کورد بوون کە ۵۰۰ کەس لەو کەمینە نەتەوەییە دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا ناسنامەی ۲۶۰ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئەو ماوەیە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە ۱۵۳ کەسیان لە هاووڵاتییانی کوردن.
لە نێوان ئەو کەسانەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، ۳۴ کەس بەلوووچ و ۱۳ کەس لوڕ بوون.
هەروەها لانی کەم ۲۳ ژن و ۵ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ لە نێوان ئەو دەستبەسەرکراوانەدان کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە.
بە گرنگیدان بەوەی زۆربەی دەستبەسەرکراوان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" تۆمەتبار کراون، هەنگاو سەبارەت بە سەپاندنی سزای قورس و تەنانەت سێدارە بەسەر ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە هۆشداری دەدات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی، ئاماری سەربەخۆ و شیکاریی یاسایی، ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کۆمەڵێک لە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتی ڕوویان داوە.
ئەو حاڵەتانەی ئاماژەیان پێ دەکرێت بەتایبەتی پێویستیان بە بەدواداچوونی نێودەوڵەتی، بەرپرسیاری فەرمی و چاودێریی بەردەوام هەیە:
• کوژرانی خەڵکی سڤیل، ژنان و منداڵان
• هێرش بۆ سەر ناوەندەکانی ڕاگرتنی بەندکراوان
• لەسێدارەدانی سەروویاسایی و نهێنی
• چەوساندنەوەی کۆڵبەران و کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان
• سزای دادوەری بە هۆکاری سیاسی و ئەمنی