نەغەدە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر درێژەی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سامان کاکهمەمی

هەنگاو؛ دووشەممە ۶ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
سامان کاکەمەمی، چالاکی مەدەنی کورد و خەڵکی شاری نەغەدە کە زیاتر لە یەک مانگە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی شەکرە تا ئێستاش لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەدا ڕاگیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سامان کاکەمەمی، چالاکی مەدەنی تەمەن ۳۱ ساڵی کورد، دەرچووی کارناسی باڵای کۆمەڵناسی لە زانکۆی تاران و خەڵکی نەغەدە، سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی شەکرەی هەیە لە ۳۲ ڕۆژ پێشەوە بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە پێویستەکانی دەستبەسەر کراوە و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییەی سەبارەت بە بارودۆخی ناوبراو لێکەوتۆتەوە.
شایەنی باسە کە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراو تا ئێستاش لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
سامان کاکەمەمی ڕۆژی پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.