ئیلام؛ عەلیخان زەمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
عەلیخان زەمانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کەلانتەری ۱۴ کوژرا. موحسین زەمانی، برای ناوبراو لەحاڵێکدا کە بە گوللەی ئەو هێزانە بریندار کرابوو لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە پەنای بۆ شوێنێکی نادیار بردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۳۰ی جولای ۲۰۲۵)، عەلیخان زەمانی، تەمەن ۴۶ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەوت کانی» سەر بە بەشی ناوەندیی ئیلام لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کەلانتەری ۱۴ی ئیلام گیانی خۆی لەدەست دا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی کەلانتەری ۱۴ی ئیلام بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی موحسین زەمانی بە چەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەیان کە ناوبراو دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە شوێنەکەی بەجێ ھێشتووە بەڵام براکەی، عەلیخان زەمانی له بهشی زگی بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
ئەو سەرچاوە هەروەها بە وتەی کەسانێک کە لە شوێنی ڕووداوەکەدا ئامادە بوون ڕایگەیاندووە کە، ئەو کەسەی تەقەی لە عەلیخان زەمانی کردووە، ئیبراهیم باقری، سەرۆکی کەلانتەری ۱۴ی ئیلام بووە.
هەندێک پاش کوشتنی عەلیخان زەمانی، پێکدادانێک لە نێوان خەڵکی گوندی حەوت کانی و هێزە حکومەتییەکان هاتووەتە ئاراوە. ئەو هێزانە دوای تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان، شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتووە.